ئەنتۆنی بلینکن : کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران رەت دەکەینەوە

ئەنتۆنی بلینکن : کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران رەت دەکەینەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران رەت دەکاتەوە ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتننامەی ناوکی نەبێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکدا لەبەردەم لێژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ناوکی جێبەجێ بکات، ”ئەوکات سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کەم دەکەینەوە“.

لەبارەی هەڵگرتنی بڕیاری سڕکردن لەسەر پارەی ئێران لە کۆریای باشوور، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی رێگا بە هەڵگرتنی بڕیاری سڕکردن لەسەر پارەی ئێرانی لە کۆریای باشوور نادات.

پێشتر حکوومەتی کۆریای باشوور رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریکا رازی بێت، بڕیاری سڕکردن لەسەر دوو ملیار دۆلاری ئێران هەڵدەگرن و پارەکە بۆ بەکارهێنانی مرۆیی، رادەستی تاران دەکەنەوە.

نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور، کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە، سڕ کراوە.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.







باسنیوز
Top