لەسەر هەوڵی سووتاندنی باڵیۆزخانەی چین، پۆلیسی ئەڵمانیا پیاوێکی دەستگیرکرد

لەسەر هەوڵی سووتاندنی باڵیۆزخانەی چین، پۆلیسی ئەڵمانیا پیاوێکی دەستگیرکرد
پۆلیسی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، پیاوێکی 42 ساڵیان دەستگیرکردووە کە هەوڵیداوە باڵیۆزخانەی چین لە بەرلین بسووتێنێت.

لە راگەیێندراوێکدا پۆلیسی ئەڵمانیا باسی لەوە کردووە "ئەم بەیانییە ئەفسەرانی پۆلیس کەسێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە هەڵدانی ماددەی گڕکەرەوە و سووتێنەر بۆ نێو حەوشەی باڵیۆزخانەی چین لە بەرلین".

بە گوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە ماددەکەی فڕێداوەتە نێو حەوشەی باڵیۆزخانە و بەر دیواری باڵەخانەکە کەوتووە، بەڵام ستافی باڵیۆزخانە هەر زوو ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە، چەند کەسێک پیاوە 42 ساڵەکەیان دەستبەسەرکردووە تاوەکو پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و تۆمەتبارەکەی دەستگیرکردووە.

چین تەنیا وڵاتە باڵیۆزخانەی لە شەقامی برووکنستراس لە بەرلین هەبێت، ئەو شەقامە ناوەندی بەرلین بە هەردوو ناوچەی میتە و کراتزبێرگ دەبەستێتەوە کە ئەوانیش دوو ناوەندی جەنجاڵی پایتەختی ئەڵمانیان.

پۆلیسی ئەڵمانیا هیچ زانیارییەکی لەبارەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئەنجامدانی ئەو رووداوە ئاشکرانەکردووە، بەڵام لەوکاتەوەی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، چین رووبەڕووی رەخنە و لێدوانی تووند بووەتەوە.

ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا رەخنەی لە پەکین گرتووە کە لە سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە رێوشوێنی پێویستی نەگرتەبەر تاوەکو وایلێهات بووە پەتایەکی جیهانی.
rudaw -
Top