نێردەی ئەمەریكا بۆ ئێران: سزاكان لەسەر ئێران ھەڵناگیرێن
روونیشیكردەوە، ئیدارەی بایدن ئامادەیە بۆ لێكۆڵینەوە لە سووكردنی تەنھا ھەندێك لە سزاكان لاببات، ئەویش لە حاڵەتی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان و لە چوارچێوەی كردەیەكی ئالوگۆڕدا، بەپێی ئەو قسانەی بەرپرسەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پێیانراگەیاندووە.
بەبینینی ئەو، دانوستانەكانی راستەوخۆ زیاتر كارامەن و كەمترین ئەگەری ناتێگەیشتنی تێدایە، بەڵام گوتیشی: لە لایەن واشنتن ناوەرۆك گرنگترە لە روخسار، بەپێی دەربڕینی ئەو.
مالی ئەمڕۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی ئەكسیۆس، جەختیكردەوە لەوەی ھەڵبژاردنەكانی ئێران لە حوزەیرانی داھاتوودا، ھەرگیز نابێتە بەشێك لە كردەوەی دانانی سیاسەتەكان و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گفتوگۆكانی ئەتۆمی.
گوتیشی: "نیازمان نییە رێڕەوی گفتوگۆكانمان لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنەكانی ئێرانی بەڕیوەبچێت، بەڵكو بەپێی گونجانی لەگەڵ بەرگری و بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دەستنیشان دەكرێت".
واشنتن پێشتر چەندین جار بەڕێگای بەرپرسەكانیەوە رایگەیاندبوو، سزاكان ھەڵناگیرێن تا تاران بە تەواوی نەگەڕێتەوە سەر پابەندییەكانی و پاشگەز نەبێتەوە لە تەواوی پێشێلكارییەكانی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی.
لە لای خۆیەوە دەسەڵاتدارانی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی سزاكان یان بەشێك لە سزاكان ھەڵبگیرێن پێش ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
دوێنێش، 140 یاسادانەری ئەمەریكایی لە ھەردوو حزبی دیموكرات و كۆماری ھانی ئیدارەی بایدنیان دا بۆ ئەوەی سزاكانی سەر ئێران ھەڵنەگرێت و ھەوڵ بدرێت رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ ئێران بكرێت، كە تەنھا بەرنامەی ئەتۆمی نەگرێتە خۆی، بەڵكو كۆمەڵێك پرسی دیكەی ئاسایشی نەتەوەیی دیكەش بگرێتە خۆی، وەك: مووشەكی بالیستی و پشتیوانیكردنی ئێران لە گرووپە چەكدارەكان لە لوبنان، عێراق، یەمەن و سووریا و رەفتارە پیسەكانی بۆ شڵەژاندنی سەقامگیری رۆژەھەڵاتی ناوەڕاست.
k24 -
