زیانە مرۆیی و داراییەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا ئاشکرا دەکرێت
رێکخراوی نێودەوڵەتیی روانین، کە کار لەسەر فریاگوزاریی مرۆیی دەکات، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (فرۆنتیر ئیکۆنۆمیکس)، زیانە مرۆیی و داراییەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریای ئاشکرا کردووە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011 لەنێوان گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا دروست بووە و چەندین وڵات راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چوونەتە ناو شەڕەکەوە.
رژێمی سووریا،کە هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا و ئێران و میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی لە عێراق پاڵپشتی دەکەن، بە هەموو جۆرە چەکێک، تەنانەت بە چەکی کیمیاوی و کۆکوژیش، هەوڵی دامرکاندنەوەی یاخیبوونی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی داوە.
گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش، کە سەرەتا زۆربەیان سەر بە بەرەی ئیخوان موسلیمین و رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە بوون، دەستیان بەسەر بەشێک لە خاکی سووریادا گرتووە و بەشدارن لە تاوانە مرۆییەکان دەرهەق بە گەلی سووریا.
زیانە مرۆیی و داراییەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا، هەروەک رێکخراوی نێودەوڵەتیی روانین بڵاوی کردووەتەوە، بریتییە لە؛
- کوژرانی 600 هەزار هاووڵاتی، سەربازی رژێمی سووریا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن.
- ئاوارەبوونی 12 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا لە ناوخۆ و بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.
- تێچووی شەڕەکە تریلیۆنێل و 200 ملیار دۆلار بووە، کە یەکسانە بە بودجەی تەواوی وڵاتانی ئەوروپی بۆ ماوەی 10 ساڵ.
- ئەگەر ئێستا شەڕی ناوخۆیی سووریا کۆتایی بێت، کاریگەرییەکانی وێرانکای لە سووریا تا ساڵی 2035 بەردەوام دەبێ و تێچووی ئاوەدانکردنەوەشیان تریلیۆنێک و 400 ملیار دۆلار دەبێت.
- کاریگەریی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەسەر تەندروستیی منداڵانا و دابڕانیان لە خوێندن، یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە.
هەروەک ئەو رێکخراوە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێکردووە، لە ماوەی 10 ساڵی شەڕی ناوخۆیی سووریا، تەنیا بە بەهای 19 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سووریا کراوە.
باسنيوز
