ئەمریکا دوو لێکۆڵەری سوپای پاسدارانی بە تۆمەتی "ئەشکەنجەدانی خەڵک" سزادا

ئەمریکا دوو لێکۆڵەری سوپای پاسدارانی بە تۆمەتی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوو لێکۆڵەری ئەمنی سوپای پاسدارانی ئێرانی بە تۆمەتی "ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی و خۆپێشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی 2019" سزادا، بەپێی سزاکە خۆیان و تەواوی کەسوکاریانی لە گەشتکردن بۆ ئەمریکا بێبەشدەبن.

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: هەریەک لە عەلی هیمەتیان و مەسعود سەفدەری سزاداوە، "چونکە ئەو دوو لێکۆڵەرە دەستیان هەبووە لە مامەڵەی دڕندانە و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی 2019 و 2020 کردووە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا بلینکن دەڵێت: "ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە بەکارهێنانی هەموو کارتێکی شیاو بۆ سزادانی ئەوانەی بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان لە ئێران"، هەروەها دەشڵێت: ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشی لەسەر هێڵ دەبێت بۆ سزادانی ئەوانەی دەستیان لە پێشێلکارییە مرۆییەکان هەیە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت واشنتن بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی خەڵکی ئێران و داواش لە حکومەتی ئێران دەکەین بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵکەکەی بکات.
rudaw -
Top