شازادەیەکی بەریتانیا و هاوژینەکەی چەند نهێنییەکی کۆشکی شاهانە ئاشکرا دەکەن

شازادەیەکی بەریتانیا و هاوژینەکەی چەند نهێنییەکی کۆشکی شاهانە ئاشکرا دەکەن
ئەو شازادەیەی بەریتانیا کە لەبەر خۆشەویستیی هاوژینەکەی دەستی لە پۆست و دەسەڵات هەڵگرت، پێکەوە چوونە بەردەم میدیای ئەمریکی و چەند نهێنییەکی تایبەت بە کۆشکی شاهانەی بەریتانیایان درکاند.

دەستنیشانکردنی مێگان مارکڵ لەلایەن شازادە هارییەوە وەکو هاوژینی خۆی، ئەو جووتەی تووشی چەندین نەهامەتی کردووە. هۆکارەکانیش زۆرن، لە رەشپێستی مێگان و پیشە کۆنەکەی وەکو ئەکتەری سینەماییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە خێزانە پەرتەوازەکەی لە دایک و باوکێکی لەیەکدی جیابووەوە و باوکێكی شکستخواردوو.

ئۆپرا، میدیاکاری بەنێوبانگی ئەمریکی پرسیاری لە شازادە هاری کرد "ئایا پێتوایە مێگان لە سەرەتاوە بە باشی پێشوازیی لێکرا؟" شازادە بەریتانییەکە لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، لەڕاستیدا زۆر باشتر لەوەی کە پێشبینیم دەکرد. داپیرەم، باوکم، براکەم و هاوژینەکەی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەم هەموویان سەرەتا زۆر بە باشی پێشوازییان لە مێگان کرد، بەڵام ئەوە بەو جۆرە نەما، هەموو شتێک لەدوای گەشتەکەی من و مێگان بۆ ئوسترالیا گۆڕا".

لە گەشتێکیاندا بۆ ئوسترالیا، هاری و مێگان پێشوازییەکی یەکجار گەرمیان لێکرا، ئەوەش بە گوتەی هاری و مێگان جۆرە ئیرەییەکی لەنێو کۆشکی شاهانە دروستکرد و ترسیان لە زیاتربوونی پێگەی جەماوەریی ئەو دووانە لێنیشت.

پاراستنی زنجیرەی سپیپێستی شازادەکانی بەریتانیا، هەمیشە جێی گرنگیی خێزانی شاهانە بووە، رەنگی پێستی مێگان کە رەشە لەنێو کۆشکی شاهانەی بەریتانیادا کێشەی دروستکردبوو، مێگان مارکڵ، هاوژینی هاری دەڵێت "لەو مانگانەی کە دووگیان بووم، لە کۆشک پێیانگوتم منداڵەکەت کە لەدایکدەبێت ناوی شازادەی پێنادرێت و پاسەوانی تایبەت بە پاراستنی ژیانیشی بۆ دانانرێت، لەوە زیاتریش نیگەرانیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە رەنگی پێستی منداڵەکەم کە لەوانەیە رەشپێست دەربچێت".

دوای ئەو قسانەی مێگان، ئۆپرا پرسیاری کرد "چی؟ کێ بوو ئەو کەسەی ئەم قسانەی پێگوتی؟" هاوژینی شازادە بەریتانییەکە گوتی "چەندین گفتوگۆ لەوبارەیەوە کراون".

ئۆپرای میدیاکاری ئەمریکی لە درێژەی بەرنامەکەیدا بە مێگانی گوت "بوەستە، یەک خوولەک بوەستە، کەسێک لەنێو کۆشکی شاهانەی بەریتانیا قسەی لەگەڵت کردووە و نیگەران بووە لە رەنگی پێستی منداڵەکەت؟" مێگانیش گوتی "بزانە، من لەو کاتەدا هەستم بە شەرمەزاری دەکرد کە دان بەوەدا بنێم، بەتایبەتی بۆ هاریی هاوژینم، من بەڕاستی ئەوکاتە دەمویست خۆم بکوژم و چیدی لە ژیان نەمێنم".

لە ئاداری ساڵی 2020 هاری و مێگان کۆشکی شاهانەیان جێهێشت و لەوکاتەوە پەیوەندییان بە کۆشکەوە نەماوە.

ئۆپرا لە شازادە هاریی پرسی "پەیوەندیت لەگەڵ باوکدا چۆنە؟ ئایا وەڵامی پەیوەندییەکانت ناداتەوە؟" هاری گوتی "بەڵێ، بەڵێ، بە قۆناخێکی دوور و درێژدا تێپەڕبووین تاوەکو گەیشتینە ئێرە. من بەڕاستی هەستدەکەم لەلایەن باوک و داپیرمەوە پشتم لێکرا و بەجێیانهێشتم. لەکاتێكدا باوکم بە ئازارەوە هاوژینەکەی لەدەستدا، بەڵام پشتگیریی ئەوم نەبینی، من کوڕی ئەو ژنەم کە ئەو خۆشیدەویست، بەڵام من هەمیشە لە هەوڵدان دەمێنمەوە بۆ پاراستنی پەیوەندیم لەگەڵ باوکم".

هاری و مێگان لە ئایاری 2018 لە لەندەن وەکو شازادە و خانمە شازادە ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، بەڵام ئێستا لە کالیفۆڕنیای ئەمریکا بە دووریی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر لە بەریتانیا، وەکو خۆیان دەڵێن، دوور لە سەرئێشەی دەسەڵات، وەکو خێزانێکی تەواو ئاسایی ژیانێکی سادە و ساکار بەڕێدەکەن.

rudaw -
Top