پاپا فرانسیس: گەشتەکەی عێراق ژیانی بەبەردا کردمەوە

پاپا فرانسیس: گەشتەکەی عێراق ژیانی بەبەردا کردمەوە
پاپای ڤاتیکان دوای تەواوبوونی گەشتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەناو فڕۆکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، ئەو گەشتەی وایکرد جارێکی دیکە ژیانی بەبەردا بێتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی پەتای کۆۆرناوە لە ماڵەوە دەمێنێتەوە.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لەناو ئەو فڕۆکەیەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغداوە بەرەو رۆما بەڕێکەوت، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا کەمێک دوودڵ بووە لە گەشتەکەی بۆ عێراق، بەڵام دواتر بڕیاریداوە هەرچۆنێک بێت ئەو گەشتە بکات و نزا بۆ ئاشتی لە عێراق بکات، گوتیشی "نیگەران بووم لەوەی گەشتەکەم ببێتە هۆی تێکەڵبوونی خەڵک لەکاتی پەتای کۆرۆنادا".

پاپای ڤاتیکان سەبارەت بە گەشتەکەی باسی لەوە کرد "ئەم گەشتە گەڕانەوەی من بوو بۆ ژیان، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر مانەوە لە زیندانی کۆرۆنادا". هەر لەناو فڕۆکەدا پاپا باسی رۆژی جیهانیی ژنانیشی کرد و گوتی، ژنانی جیهان کارێکی نایاب دەکەن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

پاپا فرانسیس نیازی خۆی ئاشکراکرد بۆ ئەنجامدانی گەشتی هاوشێوە بۆ لوبنان، هەنگاریا و سلۆڤاکیا لە ئەمساڵدا.

سەبارەت بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بەهۆی گەشتەکەی، پاپا گوتی "تاکە شت کە لێی نیگەران بووم ئەگەری تووشبوونی خەڵک بوو، بەڵام من پێشتر خۆم بۆ گەشتەکە ئامادە کردبوو. دواتریش دوای چەندین پرسیار لە خۆم، ئازادانە بڕیارم دا. ئەو بڕیارەش لە ناخەوە هات. ئەو کەسەی وایلێکردم بڕیارەکە بدەم هەر ئەو کەسەش ئاگاداری خەڵک دەبێت".

پاپا فرانسیس گەشتێکی سێ رۆژەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، رۆژی 5ی ئادار گەیشتە عێراق و رۆژی 7ی ئاداریش لە هەولێر بوو، ئەمڕۆ 8ی ئادار گەڕایەوە رۆما.
k24 -
Top