پاپا فرانسیس کە جەخت لە ئاشتی دەکاتەوە، لە بەغدا بە شمشێر پێشوازی لێکرا

پاپا فرانسیس کە جەخت لە ئاشتی دەکاتەوە، لە بەغدا بە شمشێر پێشوازی لێکرا
پاپا فرانسیس وەک یەکەمین پاپا دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی گەیشتە عێراق. هەر لە دەستپێکی پەیامەکەیدا پاپا فرانیسیس جەختی لەوە کردەوە کە پەیامی ئاشتی پێیە بۆ هەموو گەلانی عێراق. چەند رۆژێکیش پێش سەردانەکەی زۆربەی رێگە و شوێنە گشتییەکان لە عێراق پڕکران لە پۆستەر و دروشمی پێشوازیکردن لێی کە جەخت لە ئاشتی، برایەتی، خۆشەویستی و مرۆڤایەتی دەکاتەوە.

ئەوەی سەرنجی هەموو لایەکی راکێشاوە، هەر لە دەستپێکی گەیشتنیدا، وەک بەشێک لە رێوڕەسمی پێشوازی لێی لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاپا فرانسیس بە شمشمێر پێشوازی لێکرا.

عەلی تالقانی کە پیاوێکی دیاری شیعەکانە و یەکێک لە گۆشەنووسەکان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک پۆستێکی کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەو پیاوە دەڵێت بە پەیامی ئاشتییەوە هاتووم، ئەوانیش بە شمێر پێشیوازییان لێکردووە". دەشپرسێت، "ئایا هیچ کەرەستەیەکی دیکەی شارستانیمان نەبوو گونجاو بێت لەگەڵ ئەو سەردانکارە، سەلیقە لە کوێیە؟"

بەشێکی دیکەی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردووە، ئەو شمشێرانە بە کرێ لە شوێنێک هێندراون. هەر لە سۆشیاڵمیدیا باس لەوە دەکرا، بەشێک لەو باخچانەی پاپا فرانسیس سەردانی کردوون، زەردبوونە و بە بۆیاخی سەوز بۆیە کراونەتەوە.

رۆژی هەینی 5-3-2021، لە بەغدا بە ئامادەبوونی، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان، پێشوازی لە پاپا فرانسیس کرا. پاپا گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئایین دەبێت لە خزمەتی ئاشتی و برایەتیدا بێت، نابێت ناوی خودا بەکاربهێندرێت بۆ کوشتن و تیرۆر. ئەو گوتیشی "هاتووم ئاشتیم لەگەڵ خۆمدا هێناوە و زۆر جار نوێژمان لەپێناو ئاشتی بۆ عێراق کردووە". داوای لە بەرپرسانی عێراقیش کرد، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن و هەڵگرتنی چەک سنووردار بکەن، داواکەی بۆ سنووردارکردنی چەک بۆ هەموو جیهان بوو.

لە دەستپێکی قسەکانیشیدا سڵاوی بۆ موسڵمانان نارد و گوتی، "هاتووم هانیان بدەم بۆ بەردەوامی لەسەر بڕواداریان و خۆشەویستی لەنێو کۆمەڵگەیەکی سڤیلدا، سڵاو بۆ ئەندامامی کەنیسەکانی دیکە، هەروەها گرووپە کریستیانەکانی کەنیسەکانی دیکە، سڵاو بۆ ئیماندارانی مسوڵمان دەنێرم، هەروەها شوێنکەوتووانی هەموو ئایینیەکان، داواکارم خوای گەورە پێکەوە رێگەمان بدات وەکو خوشک و برا راستی پارێزی هەموو ئاینیەکان کە بریتییە لە ئاشتی."
rudaw -
Top