واشنتن دوای گورزوەشاندنەكەی لە سووریا نامەیەكی نھێنیی بۆ ئێران رەوانەكرد
رۆژنامەكە لە راپۆتێكیدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكرایەوە، گوتی: "دوای 10 رۆژ لە گفتوگۆكردن، سەرۆك بایدن فەرمانی بە پێنتاگۆن دا ھێرش بكاتە سەر دوو ئامانج لە سەر خاكی سووریا لە 26 شوبات، بەڵام نیو كاتژمێر پێش كاتی خستنەخوارەوەی بۆمبەكان یەكێك لە یاریدەدەرانی ھۆشدارییەكی بەپەلەی بەو دا".
راپۆرتەكە روونیكردەوە "ئامرازەكانی چاودێریكردنی مەیدانی ئەو دوو ئامانجانە، پیشانیان دا ئافرەتێك و دوو منداڵ لە نزیك یەكێك لەو دوو پێگەیەن" و لە كاتێكدا فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری"F-15E" لەو دوو ئامانجەكە نزیك دەبوونەوە، بایدن فەرمانی دا تەنھا ھێرش بكرێتە سەر ئامانجی یەكەم.
رۆژنامەكە باسی نەكردووە، پێگەی دووەم كامە بووە، كە بڕیاربووە بكرێتە ئامانج"، بەڵام مەزندە دەكرێت ئەویش ھەر پەیوەست بێت بە ھێزەكانی سەر بە ئێران لە سووریا.
بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی بایدن گوتیان: ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیە جەختكردنەوە بوو بۆ ئێران لەوەی تیمی نوێی كۆشكی سپی، دەستدرێژییەكانی ئێران بێ وەڵام بەجێ ناھێڵێت، وەك ئەوەی لە 15 شوبات ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمەریكا لە عێراق كرایە ئامانج، لەگەڵ ئاماژەكردن بەوەی لە ھەمان كاتدا، واشنتن ھەوڵی زیادكردنی گرژی لەگەڵ ئێران نادات.
سەرچاوەكانی رۆژنامەكە ئاشكرایانكردووە، ئیدارەی بایدن بۆ بەھێزكردنی ئەم بیرۆكەیە لە دوای ئەنجامدانی ھێرشەكەی ئەمەریكا، نامەیەكی نھێنیی ئاراستەی تاران كرد، بەبێ ئەوەی رۆژنامەكە ھیچ وردەكارییەك لە سەر ناوەرۆكی نامەكە ئاشكرا بكات.
یەكێك لە بەرپرسەكان گوتی: "ئێمە پلانێكی دیپلۆماسی سەربازی تەواو رێكخراومان ھەبوو، گەیشتینە ئەو بڕوایەش كە ئێران گەوھەری نیازەكانمانی دەزانی".
ویلایەتە یەكگرتووەكان لە شەوی 26 شوبات ھێرشێكی ئاسمانیان ئەنجامدا دژ بە پێگەیەك لەسەر سنووری سووریا-عێراق، كە پێنتاگۆن گوتی: شوێنی گرووپەكانی سەر بە ئێران بووە.
k24 -
