مێگان مارکڵ بۆ کۆشکی شاهانەی بەریتانیا: ئەگەر لە درۆکردن بەردەوام بن، بێدەنگ نابین
مارکڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئۆپرا وینفری، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 7ی ئادار لە ئەمریکا و دووشەممە 8ی ئادار لە بەریتانیا پەخش بکرێت، پرسیاری ئەوەی لێ کراوە، "ئایا هەستت چۆنە لەبارەی کۆشکی شاهانە کە ئەمڕۆ گوێیان لە چیرۆک و ئەزموونی تۆ دەبێت؟" ئەویش باسی لەوە کردووە کە ناکرێت چاوەڕێی بێدەنگبوونیان لێ بکرێت ئەگەر لە "درۆکردن" لەبارەیانەوە بەردەوامبن.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئۆپرا، مێگان مارکڵ خانەوادەی شاهانە، واتە ماڵە خەزوورانی، بە "کۆمپانیا" ناودەبات و دەشڵێت "ئەگەر بابەتەکە بێتە سەر ریسکی لەدەستدانی شتانێک.. پێشتر شتی زۆر لەدەستچوون".
شازادە هاری و مێگانی هاوژینی مانگی ئاداری 2020 دەستیان لە پۆستە شاهانەکانیان هەڵگرت و ئێستاش لە کالیفۆڕنیا دەژین.
رۆژی چوارشەممە رۆژنامەی تایمز لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە مێگان مارکڵ رووبەڕووی سکاڵایەک بووەتەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018 لێی کراوە، ئەمەش لەکاتێکدا بووە کە مارکڵ لەگەڵ شازادە هاریی هاوژینی لە کۆشکی کێنسینگتۆن ژیاون لەدوای هاوسەرگیریکردنیان لە مانگی ئایاری ئەو ساڵەدا. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە مێگان مارکڵ دوو کارمەندی کۆشکی شاهانەی دەرکردوون و ئاماژە بەوەش کراوە کە کارمەندەکانی کۆشکی کێنسینگتۆن چەندجارێک "گاڵتەیان پێ کراوە".
رۆژی 19ی شوبات کۆشکی بەکینگهام لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شازادە هاری و مێگان مارکڵ بە شاژنە ئیلیزابێس-یان راگەیاندووە کە ئەوان وەکو ئەندامی خێزانی شاهانە بۆ پۆستەکانیان ناگەڕێنەوە، هەربۆیە شاژن لە پۆستە شاهانەکانیان لەنێو خێزانی شاهانەی بەریتانیا دووریخستوونەتەوە و بە گونجاوی نەزانیوە ئەوان لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بەردەوامبن.
رۆژی 26ی شوباتیش شازادە هاری لەبارەی کشانەوەی لە ئەرکە شاهانەکانی لە خێزانی شاهانەی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی ئەوە بووە کە راگەیاندنی "ژەهراویی" بەریتانی بوونەتە هۆی تێکدانی تەندروستیی دەروونیی.
rudaw -
