ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران لە دانی زانیاری بە ئاژانس خۆی دەبوێرێت

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران لە دانی زانیاری بە ئاژانس خۆی دەبوێرێت
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە دوایین لێدوانی لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران، ڕای گەیاندووە کە لە هەندێ بنکەی ناوکیی ئێران گەردیلەی ئەتۆم دۆزراوەتەوە و ئێران ماوەی ١٨ مانگە لە دانی زانیاری لەمبارەوە خۆی دەبوێرێت.

ڕافائێل گرووسی، دوێنێ دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی ئاژانسدا کە بە ئۆنلاین بەڕێوە چووە، نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕیوە کە بەڵگە هەیە کە هەندێ گەردیلەی ئەتۆم لە بنکە ناوکییەکانی ئێران دۆزراونەتەوە و ئێران شوێنەکانی ئاشکرا ناکات و ئامادەی دانی زانیاری لەمبارەوە نییە.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژەی بەوەش داوە جیا لەو نیگەرانییە، ئێران لە سێ شوێنی دیکەش وەڵامی پرسیاری پشکێنەرانی ئاژانسی نەداوەتەوە.

ڕافائێل ڕاشی گەیاندووە کە ئێران دەبێ پابەندی ئەو ڕێوشوێنە دەستنیشانکراوانە بێت کە بە هەماهەنگی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و خۆبواردنی ئێران لەو کارە دژەی ڕێککەوتنی ناوکی و ڕێوشوێنەکانە، چونکە لە بەندی ٣٠ی ئەو ڕێککەوتنەدا هاتووە کە هیچ لایەنێک نابێ یەکلایەنە ڕێوشوێنەکان بگۆڕدرێن.

باسی لە سێ بنکەی دیکەی ئەتۆمیی لە ئێران کردووە و جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسانی پێوەندیداری ئێران وەڵامی هیچکام لە پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەداوەتەوە کە ئایا لەو بنکانەدا چ مادەیەکی ئەتۆمی ڕاگیراون و بەرهەم دەهێندرێن.

ڕاشی گەیاند لە سەفەری ئەمدواییەمەدا بۆ ئێران نیگەرانیی خۆم بە بەرپرسانی ئێران لەبارەی شەفافیەت لە پرسەکانی تایبەت بە بنکە ئەتۆمییەکان خستە ڕوو و بە ڕوونی ڕام گەیاند ئامادەین ئەو بەربەستانە ببڕین و بگەینە ئاستی لێک تێگەیشتن.

لە ماوەی یەکساڵدا ڕافائێل گرووسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، دوو جار سەردانی ئێران کردووە.

پرسی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ دانوستان و مشتومڕ، سەرەنجام ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا و بە لابردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئەو وڵاتە بەڵێنیی دا کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە و سنوورداری بکات.

ساڵی ٢٠١٨ و بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا ئەو وڵاتە یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و ئەمەش بووە هۆی ڕاوەستانی دانوستان و کۆبوونەوەکانی نێوان وڵاتانی بەشداری ڕێکەکوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و ئەو وڵاتەش بە چەندین قۆناغ پابەندنەبوونی خۆی بەو ڕێککەوتەن ڕاگەیاندووە.





باسنیوز
Top