چوار دز لەپێناوی دزییەکی هەزار لیرەیی، تووشی سزای 12 هەزار لیرە بوون

چوار دز لەپێناوی دزییەکی هەزار لیرەیی، تووشی سزای 12 هەزار لیرە بوون
چوار دز لە شارۆچکەیەکی ئەنتاڵیای تورکیا لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆدا بۆریی ئاوی شارۆچکەیەکیان دزی. ئەوان بە لەحیم بۆرییەکانیان بڕی و گواستیانەوە بۆئەوەی لە بازاڕ بیفرۆشن، ئەوەش کاری یەکەمجاریان نەبوو.

بۆرییەکانی ئەمجارە بەهاکەی هەزار لیرەی تورکی بوون، کە دەکاتە نزیکەی 140 دۆلار، بەڵام دوای ئەوەی تیمەکانی جەندرمە هەواڵیان پێدرا، چوونە شوێنەکە و چوار دزەکەیان دەستگیرکرد.

بەرلەوەی بدرێنە دادگا، ئەو چوار دزە سزای 12 هەزار و 200 لیرە (نزیکەی 1700 دۆلار)یان بۆ بڕایەوە بەهۆی ئەوەی دەستکێش و دەمامکیان بەکارنەهێنابوو. دزەکان گلەییان کردووە لەوەی سزای پابەندنەبوونەکەیان زیاتر لە 10 هێندەی پارەی ئەو بۆرییانەی کە بڕیوویانەتەوە بۆئەوەی بیدزن.

بەڵام بەرپرسانی پۆلیس دەڵێن "ئێمە پەیوەندیمان بەوە نییە تۆ دزیت یان چیت! ئەرکمان ئەوەیە کەسانی ناپابەند سزابدەین، دوای سزاکە ئینجا دادگە وەکو دز مامەڵەتان لەگەڵ دەکات".

عەبدوڵڵا زەکی کاڤوکڵو، موختاری گوندی یەنیکۆی دەڵێت "زانیم کەسانێک بۆریی ئاوی نێوان گوندەکانی ساڵورگەن و یەنیکۆی دەبڕنەوە. پێشتر ئەمەیان کردبوو. دوای چاودێرییەکی ورد، پەیوەندیم بە تیمەکانی جەندرمەوە کرد. لەگەڵ جەندرمە چووینە شوێنەکە. ئەوان رایانکرد و ئێمەش ماوەیەکی زۆر بەدوایانەوە بووین. دواتر دەستگیرکران و ئێستاش هێنراونەتە ئێرە، بوتڵی ئۆکسجین و لەحیم و هەموو کەرەستەیەکیان لابوو. ئەوانمان رادەستی بنکەی پۆلیس کرد".

رووداوەکە دوێنێ یەکشەممە 28ی شوباتی 2021 روویدا کە قەدەخەی هاتووچۆ هەیە و هەر لەکاتی بڕینەوەی بۆرییەکانیشدا دزەکان دەستگیرکران. بەڵام سزای پابەندنەبوونەکە ئەمڕۆ بڕایەوە.

رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە جێگەی گاڵتە و گەپ. کەسێک نووسیویەتی "داوا لە دزە خۆشەویستەکان دەکەم، لەکاتی کارەکەیاندا دەمامک و دەستکێش لەبیرنەکەن و پابەندبن".
rudaw -
Top