ئایا شنگال دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا؟
ئەفشین غوڵامی، رۆژنامەڤان گوتی "ئەو ململانێیەی لەنێوان ئێران و تورکیادایە ململانێیەکی دێرین و هەژموونییە و پەیوەندیی بە ئەمڕۆوە نییە. ئاکەپە دەیەوێت تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی. لە ساڵی 2011وە سیاسەتی هەردوو وڵات گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بەتایبەتی کە تورکیا گۆڕانکارییەکی ئەمنی و سیاسیی کردووە. لە 2011وە ئێران و تورکیا لە سووریا لەڕێگەی گرووپە بریکارەکانیانەوە بەرامبەر بە یەکدی راوەستاون و شەڕیان کردووە".
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا کران، مامۆستای زانکۆی مووش باسی لەوە کرد "عێراق لە ساڵی 2014وە وەکو وڵاتێکی تێکچوو دەرکەوتووە و لەوکاتەوە کاریگەریی ئێران لەسەری زیادبووە. دەبینین کە ئێران بە سیاسەتێکی مەزهەبییانە باڵادەستیی بەسەر عێراقدا هەیە. دەزانین کە بڕیاری ستراتیژی بۆ ئایندەی عێراق لە ئێرانەوە دەدرێت. ئێران خۆی بە میراتگری ئیمپراتۆریەتی فارس دەزانێت و خۆیشی بە خاوەنی عێراق دەزانێت".
عەلی حەسەن، سەرنووسەری رۆژنامەی سەباحی عێراقی ئاماژەی بەوە دا، لە عێراق دەستوەردانی دەرەکی هەیە چ تورکی و ئێرانی بێت چ ئەمریکی، عێراق گۆڕەپانی ململانێی هێزەکانە کە ئەوەیش دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ دەستوەردانی وڵاتان. گوتیشی "ئەو وڵاتانە پێویستە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و کێشەکانیان لەنێو سنووری وڵاتی خۆیاندا چارەسەر بکەن. بۆ نموونە دەیان رێگە هەن کە تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی پەکەکە بیانگرێتەبەر".
سەرنووسەرەکەی رۆژنامەی سەباح ئەوەی خستەڕوو، لە سووریا قەیران هەیە و دەستی تێوەردەدرێت و کڵپەی ئەو ئاگرەش دەگاتە عێراق، تورکیا و ئێران، ئەو پێیوایە "هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا وادەکات وڵاتە گەورەکان دەستوەردان بکەن و هەوڵدەدەن سیاسەتی خۆیان لە ئاشتی و شەڕدا جێبەجێ بکەن".
بە گوتەی عەلی حەسەن "هەموو ئەو وڵاتانە بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن"، ئەو دەڵێت "پێویستە دراوسێکانی عێراق بە رێگەیەک دەست لە کاروباری عێراق وەربدەن کە لە قەیرانەکان رزگاری بکەن. پێویستە بە چەمکی دەستوەرداندا بچنەوە. دەستوەردانە دەرەکییەکان وایانکردووە عێراق نەتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات".
لەبارەی ئەوەی سوپای تورکیا سنووری عێراقی بەزاندووە و ئۆپەراسیۆنی دژی پەکەکە کردووە سەرنووسەرەکەی رۆژنامەی سەباح گوتی "پەکەکە لەلای تورکیا تیرۆریستە، ئەوە بەلای تورکیاوە وایە، رەنگە بەلای ئێرانەوە وانەبێت".
هاوکات عارف قوربانی، رۆژنامەڤان لە بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە دا، تەقینەوەی کێشەی نێوان ئێران و تورکیا پەیوەندیی بە شنگالەوە هەیە کە بایەخی شنگال وایکرد ئەمە رووبدات، چونکە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە کۆنە و پێشتر ئێران نیگەرانیی دەرنەبڕیوە. ئەوەیش دوای گوتەکەی ئەردۆغانە کە گوتی رەنگە شەوێک لەناکاو خۆمان بە شەنگادا بکەین.
عارف قوربانی باسی لەوە کرد "ئێرانیش شەنگال وەکو رێڕەوێکی پیادە بۆ گەیشتن بە سووریا و لوبنان سەیردەکات. هاتنی تورکیا بۆ شنگال وەکو ئەوەیە دەرگایەک لەبەردەم ئێراندا دابخەیت".
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، هەرکەس ئارەزووی لێبێت دەتوانێت سەروەریی عێراق پێشێل بکات، "تەنانەت عێراق ئەوەندە خاوەنی سەروەریی خۆی نەبووە کە بتوانێت یاداشتێکی نێودەوڵەتی بباتە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەرێمی کوردستان لەمەدا لە عێراق لاوازترە".
بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 2020/10/09 حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان رێککەوتنێکیان واژۆکرد.
بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت سەرجەم هێزەکان بچنە دەرەوەی شنگال، لەوانەش حەشدی شەعبی، ئیدارەی هاوبەش لە قەزاکە پێکبهێنرێت و دۆسیەی ئەمنی لەدەست حکومەتی فیدراڵی بێت.
عارف قوربانی پێیوایە ئەگەر رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرایە، سەخت بوو ئەم کێشانەی ئێستا روویان بدایە، دەشڵێت "ئەوەی لە شنگال رۆڵی هەیە هێزەکانی سەر بە پەکەکە و سەر بە ئێرانن".
هەروەها ئەفشین غوڵامی ئاماژەی بەوە کرد "لە روانگەی ئێرانەوە تورکیا مەترسییەکی سەرەکییە بۆ سەری. هەر لە ئیدلبەوە هەتا دەگاتە ناوچەی شاخاویی هەرێمی کوردستان تورکیا توانیویەتی جۆرێک لە هێزی بریکاریی خۆی دروستبکات کە هێزی سەلەفین و بۆ شەڕ دژی پەکەکە نێردراونەتە شاخەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئێرانیش مەترسییە".
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، لەڕووی ئابوورییەوە دەبێت ئەوە بزانین کە بازاڕی عێراق و سووریا بەدەست تورکیاوەیە و ئێران نەیتوانیوە لەڕووی ئابوورییەوە بەو جۆرە کاریگەر بێت.
ئەفشین غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا کە لەڕووی سیاسییەوە دەبینین لە عێراق رەوتی حەکیم و رەوتی سەدرییەکان گۆشەنیگایەکی تایبەتیان بەرامبەر ئێران هەیە، "بۆیە دەبینین ئێران گۆڕەپانەکەی بەرامبەر تورکیا دۆڕاندووە. ئێران ئەو تەنگاوە دەبینێت و دەزانێت لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەری دەبێت. لە پرسی قەرەباخیشدا ئێران ململانێکەی بەرامبەر بە تورکیا دۆڕاند. بۆیە تورکیا دەتوانێت لە ماوەی درێژخایەندا مەترسی بۆ ئێران دروستبکات".
غوڵامی جەختی لەوەش کردەوە، "شنگال بابەتێکی زۆر گرنگە و ئەو دەرچەیە بۆ ئێران زۆر گرنگە، ئەگەر ئەو شوێنە لەلایەن تورکیاوە داگیربکرێت، دیسانەوە دەتوانێت مەترسی لەسەر ئێران دروستبکات".
هەروەها عەبدوڵڵا کران باسی لەوە کرد هەندێکجار هاوکاریی زۆر ستراتیجی لەنێوان تورکیا و ئێراندا هەبووە بەتایبەتی کە پرسەکە پرسی کوردان بێت و گوتی "بۆ نموونە ساڵی 2017 دوای ریفراندۆمی کوردستان مانگێکی بەسەردا تێنەپەڕی کە بە هاوکاریی ئێران و تورکیا بە شەوێک کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەدەستدران. ئەگەر ئێران لەو کارەدا تورکیای قایل نەکردایە، ئەوا بە تانکی ئەمریکا هێرش نەدەکرایە سەر کەرکووک. تورکیا ئەمریکای قایل کرد کە دەستێوەردان لە داگیرکردنی کەرکووکدا نەکات".
ئەو مامۆستایەی زانکۆی مووش باسی لەوە کرد "لە داگیرکردنی عەفرینیشدا ئێران قسەی نەکرد کە دەیتوانی وا لە رووسیا بکات رێگەی ئاسمانی لەبەردەم تورکیادا نەکاتەوە. هەرچەندە بە چەند پەیامێکی سیاسیی ناڕازیبوونی دەربڕی".
عەبدوڵڵا کران جەختی لەوە کردەوە کە لە پرسی شنگالدا پرسی سەرەکی ئێران و تورکیا نییە، بەڵکو کوردە و دەبێت کورد بە شێوەیەکی ژیرانە و سیاسییانە بیر لەوە بکەنەوە، "ئێمە دەزانین کە تورکیا لە ساڵی 1990وە دەیەوێت دەروازەی خابوور دابخات و لەسەر رێگەی شنگال دەروازەیەکی نوێ بکاتەوە کە راستەوخۆ بازرگانی لەگەڵ عێراقدا بکات".
عارف قوربانی دەڵێت، چارەسەری کێشەکان لە عێراقدا "نیەت و ئیرادەی بەهێزی دەوێت کە لە عێراقدا ئەو دووانە نین"، باسی لەوەش کرد "ئەو زەمینەیە بۆ تورکیا لەبار نییە کە لە عێراقدا لەڕێگەی نوێنەرەکانیەوە شەڕی ئێران بکات".
عەبدوڵڵا کران پێیوایە "تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی شنگالەوە رێگەی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان بپچڕێنێت. ئێرانیش دەیەوێت لە شنگالدا هیلالی شیعی تەواو بکات و بەوەیش رێگەیەک بۆ خۆی بەڕووی سووریا و لوبناندا بکاتەوە".
رۆژی سێشەممە 23ی شوباتی 2021، هەڤپەیڤینێكی لەنێو باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا سازدا و رۆژی شەممە 27ـی شوباتی 2021 لە تەلەڤیزیۆن و پۆرتاڵی رووداو بڵاوکرایەوە.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە هەڤپەیڤینەکەدا رەخنەی لە بوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق گرت، بەتایبەت لە پرسی شنگال و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان قبووڵی ناکەن چ تورکیا چ وڵاتێکی دیکە دەستوەردانی سەربازی لە عێراقدا بکات. هەروەها داوای لە تورکیا کرد بگەڕێتەوە ئەو سنوورەی لە نەخشەی نێودەوڵەتیدا دیاریکراوە و جەختیشی لەوەش کردەوە کە عێراقییەکان خۆیان سنوورەکانی وڵاتەکەیان دەپارێزن.
rudaw -
