گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران 60 هەزار کەسی تێپەڕاند
تۆمارکردنی ئەو ژمارە زۆرەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لەکاتێکدایە، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری داوە لە چوارەمین شەپۆلی کۆرۆنا کە لە هەندێک ناوچەی وڵات دەستی بە تەشەنەسەندن کردووەتەوە.
سیما سادات لاری، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند "بەداخەوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 93 کەسی دیکە بە ڤایرۆسی کۆڤید-19 گیانیان لەدەستدا، بەمەش ژمارەی گشتیی ئەوانەی بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 60 هەزار و 73 کەس".
بەپێی وەزارەتەکە، ئێران تائێستا تووشبوونی ملیۆنێک و 631 هەزار و 169 کەسی بە کۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسان لەنێویشیاندا سەعید نەمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران لە رابردوودا دانیان بەوەدا ناوە، کە ئەگەری هەیە ژمارەی راستەقینەی پەیوەندیدار بە کۆرۆنا، زۆر لە ژمارە فەرمییەکان زیاتر بن.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، 112 کەسیان دەستنیشانکردووە کە تووشی نەوەی نوێی کۆرۆنا بوون (ئەو نەوەیەی لە بەریتانیا سەریهەڵدا)، لەو ژمارەیەش هەشتیان گیانیان لەدەستدا.
لەم رۆژانەی دواییدا تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی هەشت هەزار کەس لە رۆژێکدا، هەرچەندە ئەمە ژمارەیەکی زۆرە، بەڵام بەراورد بە تووشبوونی رۆژانەی مانگی نۆڤەمبەر، کاتێک لە رۆژێکدا زیاتر لە 12 هەزار کەس تووشی ئەو پەتایە دەبوون، کەمی کردووە.
ئێران، لە دووی شوباتەوە دەستی بە هەڵمەتی کوتان کردووە بە ڤاکسینی رووسیی سپۆتنیک ڤی، یەکەمجاریش کارمەندانی تەندروستی، کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە ڤاکسینیان لێدەدرێت، لەهەمان کاتدا ئەو وڵاتە خۆیشی خەریکی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژی کۆرۆنایە.
k24 -
