ئەمشەو ترەمپ قسە دەکات
رۆژی یەکشەممە 28-02-2021، کاژێر 23:40 خولەک بە کاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ لە شاری ئۆرلاندۆ سەر بە ویلایەتی فلۆریدا لە کۆنفرانسی سیاسەتی کۆنسەرڤارتیڤ گوتارێک پێشکێش دەکات و چاوەڕێدەکرێت لەو گوتارەدا قسە لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی و کارکردن لە سیاسەتی کۆنسەرڤارتیڤی ئەمریکا بکات.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بیر لە دامەزراندنی هیچ پارتێکی نوێ ناکاتەوە، وەک پێشتر پێشبینی دەکرا، بەڵکو هەندێک لەوانەی لە ترەمپ نزیکن ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ نایەوێت لەناوی کۆمارییەکاندا هیچ دابەشبوونێک رووبدات، بۆیە لەبری ئەوە، چاوەڕێدەکرێت باس لە داهاتووی سیاسیی خۆی لەناو کۆمارییەکاندا بکات و یەکێک لەو بژاردانەش ئەگەری خۆبەبژێرکردنەوەیەتی لە هەڵبژاردنی 2024ی ئە مریکا.
لەدوای رووداوی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، دیموکراتەکان هەوڵیاندا لێپێچینەوە لە ترەمپ بکەن و رێگری لێبکەن جارێکی دیکە بەشداریی لە چالاکییە سیاسییەکاندا بکات و هەوڵی بەدەستهێنانی هیچ ئۆفیسێکی فەرمی بدات، بەڵام لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیراندا، پرسی دادگاییکردنی ترەمپ دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و بەمەش ترەمپ لەوە رزگاری بوو رێگری لێبکرێت نەتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە.
کەسە نزیکەکانی ترەمپ بە میدیاکانی ئەمریکایان راگەیاندووە، ترەمپ لەو گوتارەدا باس لە ویستە سیاسییەکانی خۆی بۆ داهاتوو دەکات و زیاتریش تیشك دەخاتە سەر یەکێتی ناو کۆمارییەکان و لەوانەشە قسە لەسەر بایدن بکات و رەخنە لە سیاسەتەکانی بگرێت.
k24 -
