باڵیۆزی تورکیا بە تووندی وەڵامی باڵیۆزی ئێران لەبارەی خاکی عێراق دەداتەوە
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە هەڤپەیڤینێکیدا کە رۆژی شەممە 27-2-2021 کاژێر 21:00 ، رەخنەی لە بوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق گرت و ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەوان قبووڵی ناکەن، چ تورکیا چ وڵاتێکی دیکە دەستوەردانی سەربازی لە عێراق بکات.
ئیرەج هەروەها داوای لە تورکیا کرد بگەڕێنەوە ئەو سنوورەی لە نەخشەی نێودەوڵەتیدا دیاریکراوە. جەختیشی کردەوە لەوەی عێراقییەکان خۆیان سنوورەکانی وڵاتەکەیان دەپارێزن.
لەو بارەیەوە فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ریتویتی لەسەر تویتێکی رووداو ئینگلیزی کردووە و وەڵامی پرسیاری کەسێکی داوەتەوە. نووسیویەتی، "باڵیۆزی ئێران دوایین کەسە لە بابەتی رێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق ئامۆژگاریی تورکیا بکات".
لە ماوەی رابردوودا سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چڕنووکی هەڵۆ-2 بۆ سەر چیای گارە لە باشووری کوردستان ئەنجامدا و سەربازانی سوپای لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. تورکیا بۆردومانێکی چڕی ناوچەکەی کرد.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا 13 دیلی ژێر دەستی پەکەکە کوژران کە ئەنقەرە و قەندیل یەکدی بە کوشتنی ئەو دیلانە تۆمەتباردەکەن. ئۆپەراسیۆنەکە 10ی شوبات دەستیپێکرد و 14ی شوبات کۆتاییهات. چەند رۆژێک دواتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند مەبەستیان بووە 13 دیلی ژێر دەستی پەکەکە رزگار بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
جگە لەو ناوچەیە، تورکیا سەربازی لە چەند خاڵێکی دیکەی باشووری کوردستاندا هەیە.
rudaw -
