پلانی هێرشێکی دیکە بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران ئاشکرا دەبێت
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 26-2-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، چەند بارەگایەکی میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بۆردومان کرد.
ئەمڕۆ شەممە 27-2-2021، کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بۆردومانەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بە ئاراستەکردنی حەوت بۆمبی 500 کیلۆیی، ئەنجام دراوە.
هەروەک ئەو کەناڵە بڵاوی کردووەتەوە، بڕیار بووە دوای ئەو بۆردومانە، بۆردومانێکی دیکە بکرێتە سەر هەمان میلیشیاکان، بەڵام کەمێک بەر لە ئەنجامدانی، بڕیاری راگرتنی هێرشی دووەم، دراوە.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بە هۆکاری راگرتنی هێرشی دووەم کراوە و هاتووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی چاودێریی ناوچەکەی دەکرد و سوپای ئەمریکا لەڕێی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەوە، زانیویانە کە کۆمەڵێک هاووڵاتیی مەدەنی لە ناوچەکەن، بۆیە هێرشی دووەمیان راگرتووە.
باسنیوز
