کورتهێنانی ڤاکسینی ئەسترازینکا لە ئەوروپا بووەتە کێشە.. هەنگاریا ڤاکسینی چینی دەکڕێت
ئەسترازینکا بە یەکێتیی ئەوروپای گوتووە، لە چارەگی دووەمدا ناتوانێت لە 90 ملیۆن ژەم ڤاکسین زیاتریان پێبگەیەنێت، رەنگە ئەوەش بەرنامەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کوتانی 70٪ی خەڵکەکەی تاوەکو کۆتایی هاوین تێکبدات.
ئۆرسولا ڤۆندەرلەین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەوەی لە تواناماندابێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئامانجە گەورەکەمان بپێکین، کە بریتییە لە پێدانی ڤاکسین بە 70٪ی کەسانی پێگەیشتوو لە سەرتاسەری ئەوروپا تاوەکو کۆتایی ئەم هاوینە."
ئەسترازینکا وەکو هەریەک لە ڤاکسینی فایزەر و ڤاکسینی مۆدێرنا یەکێتیی ئەوروپا هیوای زۆری لەسەر هەڵچنیوە. لە چارەگی یەکەمی ساڵ بەرهەمهێنەرە سوێدی-بەریتانییەکە 40 ملیۆن ژەم ڤاکسینی بە یەکێتییەکە فرۆشت کە رێژەی کاریگەری هەر ژەمێکی 76٪ بەرگریی لە دژی کۆرۆنا دروستدەکات.
لە لایەکی دیکەوە ینس سپان، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا دەڵێت: "هەر کەسێک ژەمی یەکەم و دووەمی ئەسترازینکای وەرگرتبێت، نەخۆشخانەی نەبینیوە بە بەراورد بەوانەی کە ڤاکسینەکەیان پێنەدراوە، بۆیە ئەسترازینکا پارێزگاری دەکات."
کۆی ئەو بڕەی کە ئەسترازینکا لە توانایدا دەبێت بیدات بە ئەوروپا بە 130 ملیۆن ژەم ڤاکسین دەخەمڵێندرێت، لە بنەڕەتدا بڕیاریدا بوو تاوەکو کۆتایی ساڵ 300 ملیۆن ژەم ڤاکسین رادەستی یەکێتیی ئەوروپا بکات.
بێسەروبەری و نایەکسانی لە کڕینی ڤاکسینی کۆمپانیاکان هەندێ وڵاتی ئەوروپی ناچارکرد پەنا بۆ بەرهەمەکانی رووسیا و چین ببەن.
رۆژی چوارشەممە هەنگاریا بووە یەکەم وڵاتی ئەوروپی 5 ملیۆن ژەم لە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی کڕی، دەتوانێت لە 10 ملیۆن ژمارەی دانیشتووانی 2 ملیۆن و نیو خەڵکی پێ لە کۆرۆنا بپارێزێت.
rudaw -
