ناتۆ: بەرفراونكردنی ئەركەكانمان لە عێراق لەسەر داوای عێراق دەبێت

ناتۆ: بەرفراونكردنی ئەركەكانمان لە عێراق لەسەر داوای عێراق دەبێت
ئەمڕۆ یەكشەممە، نێردەی باكووری ئەتلەسی "ناتۆ" جەختیكردەوە لەوەی بەرفراوانكردنی ئەركەكانی لەعێراقدا لە سەر داوای حكومەتی عێراق دەبێت.

بەپێی راگەیاندراوێكی حكومەتی عێراق، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، قاسم ئەعرەجی پێشوازیی لە فەرمانداری نێردەی پەیمانی ناتۆ لە عێراق، فەریق روكن، پیێر ئۆلسن كردووە و جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی وڵاتەكەی مكوڕە لەسەر ھاوكاری لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

بەپێی راگەیاندراوەكە ئەعرەجی گوتی: "ھێزەكانی عێراقی ئەزموونی باشیان لە میانی شەڕدا بەدەستھێناوە، بەڵام ھاوكات ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

گوتیشی: "عێراق بەشێك نییە لە ھیچ كێشەیەكی ناوچەكەدا، بەڵكو بەشێكە لە چارەسەر. كاریش دەكات بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی ناتۆ، چونكە رێكخراوی داعش ھێشتا مەترسیی لەسەر عێراق ھەیە".

راگەیاندراوەكە لە فەرمانداری نێردەی ناتۆی گواستووەتەوە، كە گوتوویەتی: "ھەبوونی نێردەی ناتۆ لەسەر داوای حكومەتی عێراق بووە و ھەر بەرفراوانكردنێكی ئەركەكانیشی لەسەر داوای حكومەتی عێراق دەبێت".

پێنجشەممەی رابردوو، ئەمینداری گشتی پەیمانی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ رایگەیاند، پەیمانی ناتۆ بڕیاری داوە ژمارەی ئەندامانی نێردەكەی لە عێراق بۆ 8 بەرابەر زیاد بكات.
k24 -
Top