بڕیاری نوێی بایدن؛ رەگەزگۆڕاوەکانیش دەتوانن ببنە سەرباز

بڕیاری نوێی بایدن؛ رەگەزگۆڕاوەکانیش دەتوانن ببنە سەرباز
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەکرد و بەپێی ئەو فەرمانەش، لەمەودوا ئەوانەی رەگەزی خۆیان گۆڕیوە دەتوانن وەک کەسانی دیکەی ئاسایی لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا خزمەت بکەن.

پێشووتر دۆناڵد ترەمپ بە فەرمانێک قەدەخەی خزمەتی سەربازی لەسەر ئەوانە دانابوو کە رەگەزی خۆیان گۆڕیوە، بەڵام بایدن رۆژی دووشەممە بە فەرمانێک ئەو سیاسەتەی دۆناڵدی ترەمپی هەڵوەشاندەوە.

بایدن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیۆد ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەر ئەمریکییەک توانای هەبێت، دەتوانێت ببێتە سەرباز و لەریزی سوپا خزمەت بکات یان لە وەزارەتی بەرگری کار بکات.

لەدوای دەستبەکاربوونیەوە بایدن بە فەرمانە سەرۆکایەتییەکانی بەشێکی زۆری ئەو سیاسەتانەی دۆناڵد ترەمپی پێچەوانە کردنەوە کە لە چوار ساڵی رابردوودا کاری پێدەکردن، دیارترینیشیان گەڕانەوەی ئەمریکا بوو بۆ ناو رێککەوتنی پاریس تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، پەیوەندیکردنەوە بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، وەستاندنی پرۆژەی دیواری مەکسیک و هەڵگرتنی قەدەخەی گەشتکردن لەسەر وڵاتان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەیان موسوڵمانن.
rudaw -
Top