لە ئەڵمانیا گرتووخانەیەک بۆ ئەوانە کرایەوە کە پابەندی رێنماییەکانی کۆرۆنا نابن
گرتووخانەکە بە سزایەکی باش دەزانرێت بۆ ئەوانەی خۆیان کەرەنتین ناکەن یاخود بەر لە تەواوبوونی ماوەی کەرەنتینیان دەچنە دەرەوە، لە کاتێکدا هێشتا مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێت ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دی بگوازنەوە.
باڵەخانەی ئەو گرتووخانەیە وەکو هەر گرتووخانەیەکی دیکە دیوار و پەرژینی بۆ کراوە و پاسەوانێکی زۆری بۆ داندراوە.
ئەڵمانیا لە شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنادا بە دەرکردنی چەند رێنماییەکی خۆپارێزی تووشبوون بە کۆرۆنای زۆر کەم کردەوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵک و خۆپیشاندان و کۆبوونەوەوە، لە کاتی شەپۆلی دووەمدا کۆرۆنا لە کۆنترۆڵ دەرچوو.
ئێستا ئەڵمانیا قەدەخەی هاتووچۆی بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژ کردووەتەوە کە بە نیوەچڵی جێبەجێ دەکرێت.
لە ئەڵمانیا ئێستا رۆژانە زیاتر لە 14 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا دەبن و نزیکەی 600 کەس دەمرن.
rudaw -
