سەرکردەکانی جیهان لە پاریس جەخت لە پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەیی دەکەنەوە

سەرکردەکانی جیهان لە پاریس جەخت لە پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەیی دەکەنەوە
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی جیهان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەژێر ناونیشانی "یەک هەسارە" بە ڤیدۆکۆنفرانس بەڕێوەچوو.

پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەیی تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو و سەرکردەکان جەختیان لە پاراستنی فرەجۆریی گیانلەبەر و رووەک لە ژینگەدا کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج خرایە سەر گرنگی و چۆنیەتیی پاراستنی سیستەمی ژینگەیی وشکانی و دەریایی، دۆزینەوەی رێگەیەکی باشتری بەرەهەمهێنانی خۆراک، زیادکردنی هاریکاریی دارایی بۆ پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەیی و دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان لەنێوبردنی دارستانەکان و تەندروستیی مرۆڤ و گیانلەبەران.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی لووتکەی "یەک هەسارە" بریتی بوو لە بەهێزکردنی "هاوپەیمانیی سرووشت و خەڵک" کە لە ساڵی 2019دا لەلایەن کۆستاریکا، فەرەنسا و بەریتانیاوە پێکهێنرابوو بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە 30٪ـی سیستەمی ژینگەیی هەسارەی زەوی تا ساڵی 2030 بپاریزرێت.

هەروەها لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا کۆنفرانسێک لەسەر پرۆژەی "دیواری سەوزی گەورەی ئەفریقا" بەڕێوەچوو کە ئامانج لێی خستنەگەڕی هەوڵی جیدییە بۆ وەستاندنی لەنێوچوونی سەوزایی ئەفریقیا و رێگیرکردن لە فراوانبوونی بیاباینی گەورەیە بەرەو باشووری ئەو کیشوەرە.

پرۆژەکە لە ساڵی 2007 بە چاندنی دار بە درێژایی حەوت هەزار کیلۆمەتر لە سەنیگالەوە بۆ زەریای ئەتڵەسی و تا دەگاتە جیبۆتی دەستیپێکردووە.

محەممەد غەزوانی، سەرۆکی مۆریتانیا لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە کە تا ساڵی 2030 100 ملیۆن هێکتار زەوی بکەنە دارستان و لەو رێگەیەوە 10 ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنن.

نزیکەی 30 سەرکەردەی جیهان بەشدارییان لە لووتکەی "یەک هەسارە"ـدا کرد لە نێویشیاندا ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا؛ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.

رێکخەرانی کۆبوونەوەکە هیواخوازن کە لە رێگەی پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەییەوە بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە.

فرەچەشنیی ژینگەیی بە واتای پاراستنی جۆرە جیاوازەکانی گیانلەبەر و رووەک دێت بۆ ئەوەی قڕ نەبن.

ساڵی 2020 یەکێتیی نێودەوڵەتیی ژینگەپارێزی لەنێوچوونی 36 جۆرە زیندەوەر و رووەکی راگەیاند کە بەم شێوەیە بوون:

17 جۆر ماسی
5 جۆر گیا
6 جۆر دار
2 جۆر شیردەر
1 جۆر مێروو
5 جۆر گیانلەبەری وشکاوەکی
rudaw -
Top