كیسنجەر ھۆشداری دەداتە بایدن لە بارەی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی

كیسنجەر ھۆشداری دەداتە بایدن لە بارەی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی
وەزیری دەرەوە و راوێژكاری پێشووتری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا، ھێنری كیسنجەر، لە كۆنگرەیەكی پەیمانگای سیاسەتی گەلی جوولەكە، ئەمڕۆ دووشەممە ھۆشداریدا لە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. گوتیشی: پێویستە لە سەر ئیدارەی نوێی ئەمەریكا نەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنەی ئێران، كە لەوانەیە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پێشبڕكێی خۆ پڕچەككردن ببات.

كیسنجەر رەخنەی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 2015 گرت، كە ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە و سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن ھەوڵی گەڕانەوەی ئەمەریكا دەدات بۆ نێو رێككەوتنەكە، ئەگەر ئێران رازی بوو جارێكی دیكە پابەندی خۆی نواند بە كۆتوبەندەكانی رێككەوتنەكە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

ئەو دیپلۆماتكار و راوێژكار و نووسەرەی تەمەن 97 ساڵ گوتی: دەبێت فێڵ لە خۆمان نەكەین، بڕواناكەم گیانی (رێككەوتنی ئێران) لەگەڵ ھەبوونی كاتێكی دەستنیشانكراو رێككەوتنەكە و بەندەكانی ھیچ شتێك بكات، جگە لە راكێشانی چەكی ئەتۆمی بەدوای خۆیەوە بۆ ھەموو ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دواتریش درووستكردنی حاڵەتێكی گرژی لە ناوخۆیدا، كە نزیك یان دوور ھەر دەتەقێتەوە.

كیسنجەر گوتی: رژێمی ئێستای ئێران "دیارنییە بتوانێت واز لەم تێكەڵەیەی ئەمپریالییەت و ھەڕەشە بێنێت"، ھاوكات روونیكردەوە "من ناڵێم نابێت هه‌رگیز قسه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ین".

دینیس روس، راوێژكاری پێشووی ھەر یەك لە سەرۆكەكانی پێشوو، جۆرج بوشی باوك، بیل كلنتن، باراك ئۆباما، چاوپێكەوتنێكی له‌گەڵ كیسنجەر ئەنجامدا. روس لە كیسنجەری پرسی، ئاخۆ چ ئامۆژگارییەكی ھەیە بۆ بایدن و ئیدارەكەی بۆ سوود وەرگرتن لە لەو رێككەوتنانەی بەپێی ئەوانەوە چوار دەوڵەتی عەرەبی پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییكردەوە.

كیسنجەر گوتی: دەبێت دەستبەرداری ئەو دەستكەوتانە نەبین، كه‌ لەم دواییەدا لەو رێككەوتنانە ھاتوونەتە دی لەنێوان جیھانی عەرەبی و ئیسرائیلدا، دەمەوێت بە ئیدارەی داھاتوو بڵێم، ئێمە بە ڕێڕەوێكی باشدا دەڕۆین". كیسنجەر گوتیشی: ئەو رێككەوتنانە "پەنجەرەیەكێ لە دەرفەت لە پێش رۆژھەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێدا كردووەتەوە".
k24 -
Top