هاوپەیمانیی فەتح: هیوادارین بڕیارەکەی ئەمریکا دژی فەییاز دوایین سەرکێشیی ترەمپ بێت
هاوپەیمانیی فەتح لە عێراق کە باڵی سیاسیی حەشدی شەعبییە رایگەیاند، هیوادارن بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە سزادانی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دوایین کارتی سەرکێشیی ترەمپ بێت.
هاوپەیمانی فەتح، ئەمڕۆ شەممە 9-1-2021 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دژی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە دامەزراوەیەکی سەربازییە و سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، سەرکۆنە دەکەین".
ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا بە گوتەی هاوپەیمانێتییەکە "بە ئامانجکردنی حەشدە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و باوەڕێکی نیشتمانی و جەماوەریی جیهادکار، بۆیە تەنیا بە ئامانجکردنی سەرۆک و فەرماندەکانی نییە".
فەتح ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوە زێدەڕۆییەکی ئاشکرایە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی، لەو رەوشە ئاڵۆزەی کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، "هاوکات قەبارەی دەستوەردانە نەرێنییەکانی ئیدارەی ئەمریکا و رێگە و پلانەکانی ئاشکرا دەکات کە ئامانجیان لاوازکردنی گەل و حکومەتی عێراقە".
هاوپەیمانیی فەتح کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات هیواش دەخوازێت: "ئەو سزایانەی کە سەپێندراون، دوایین کارتی سەرکێشیی ترەمپ بێت لە ئیدارەی ئێستای ئەمریکادا".
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ،لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بڕیارەکەی گەنجینەی ئەمریکا دژی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، "بەلامانەوە سەیرە و بەدڵنیاییەوە ئەو بڕیارە بۆ ئێمە شۆکێکە قبووڵ ناکرێت".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، دوێنێ هەینی، سزای بەسەر فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق سەپاند، راشیگەیاند: "فەییاز تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە عێراق، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 دا".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، کارمەندەکانی حەشدی شەعبی کە هاوپەیمانی ئێرانن بەردەوامن لە کوشتنی چالاکوانانی سیاسی لە عێراق، کە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەکەن، لەگەڵ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پێکهێنانی حکومەتێکی دەستپاک.
سزا سەپێندراوەکانی سەر فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بریتین لە دەستگرتنەسەر هەموو سامانی لە ئەمریکا، لەگەڵ قەدەخەکردنی هەر دامەزراوەیەک فەلح فەییاز، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاوەنی 50٪ـی پشکەکانی بێت.
rudaw -
