ژمارەیەک فەرماندەی پاسداران بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە سزا دەدرێن
دەسەڵاتی دادوەریی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری سوپای پاسداران بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، سزا دەدات.
غولام عەباس تورکی، داواکاری سەربازیی تاران لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەیدا رایگەیاندووە، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی کەمتەرخەمیی 10 بەرپرس و فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە بووە.
غولام عەباس تورکی هەروەها رایگەیاندووە، بەشێک لەو 10 کەسەی تاوانبارن لەو کەیسە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بەشێکیشیان پلە سەربازییەکانیان دابەزێندراوە.
داواکاری سەربازیی تاران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”بەم نزیکانە“ ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن، کە بوونە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە و رادەستی دادگای سەربازی دەکرێن.
دوای نزیکەی ساڵێک، لە رۆژی 30-12-2020، حکوومەتی ئێران رەزامەندیی لەسەر پێدانی بڕی 150 هەزار دۆلار بە خانەوادەی هەر قوربانییەکی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، دا.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.
سەرەتا میدیاکانی ئێران رەتیان کردەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باسیان لەوە دەکرد، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.
دواتر لە رۆژی شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکێنراوە.
باسنيوز
