یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئاماری كاره‌كانی ساڵی 2020ـی بڵاو كرده‌وه‌

یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئاماری كاره‌كانی ساڵی 2020ـی بڵاو كرده‌وه‌


یەکێتى زانایانى ئایینى لە کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە لە ساڵى رابردوودا زیاتر له‌ هەزار کێشەى خێزانییان چارەسەر کردووە و 947 حاڵەتى تەڵاقیشیان ئەنجام داوە، جگە لەوەى کە چەندان کێشەى عەشایری و میرات و کڕین و فرۆشتنیان چاره‌سه‌ر كردووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/1/2021، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکى یەکێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى لە کوردستان رای گەیاند، لە ساڵى ڕابردوودا ئەنجوومەنى باڵاى فەتوا لە کوردستان 21 فتواى گشتى دەرکردووە بۆ هەموو کوردستان، 10 ڕوونکردنەوەى تایبەتى و شەرعى هەبووە، 76 پەیامى میدیایشیان ئاراستەى خەڵکى کوردستان کردووە. لە ڕووى کێشەى خێزانیشەوە 1007 کێشەیان چارەسەر کردووە، زانایانى ئایینى بڕیارى 947 تەڵاقیان داوە.

باسی لەوەشکرد کە 212 کێشەى عەشایری چارەسەر کراون، 369 کێشەى میرات و زەوى و زار و 223 کێشەى مامەڵەى کڕین و فرۆشتن چارەسەر کراون و 999 هاووڵاتى پرسیارى شەرعییان ئاراستەکردوون و وەڵامیان دراوەتەوە.

گوتیشى: لە ساڵى ڕابردوو 94 مامۆستاى ئایینى گیانیان لەدەست داوە، بەشێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەوانى دیکە بە ڕوووداو و مردنى ئاسایى بووە، بۆیە "داوا لە حکوومەتى هەرێمی كوردستان دەکەین کە هەنگاوى پڕکردنەوەى شوێنى ئەو مامۆستایانە بهاوێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، 15 توێژینەوەى زانستى و هزری و فیقهییان پێشکەش بە کۆمەڵگەى کوردستان کردووە و هەوڵیشیان داوە کە بەردەوام پەیوەندییان بە جیهانى ئیسلامییەوە هەبێ و ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ ناوەندە باڵاکانى زانایانى ئایینى ئیسلامى هەبووە و لە ڕێگەى ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشدارى 11 کۆنفرانسىان کردووە.

سەرۆکى یەکیتى زانایان داواى لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە هەمووان هەماهەنگى بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ململانێ و قەیرانەکان بەیەکەوە تێپەڕێنن.

سوپاسی زانایانى ئایینشی کرد کە لە هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆڵیان هەبووە.








باسنيوز
Top