وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەگەری پێکدادان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە لە بەرەبەری ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتی نوێی ئەمریکا، ئەگەری پێکدادان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە.
بنی گانتێز دوێنێ دووشەممە ٤ی١ی٢٠٢١ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (وای نێت)ی ئیسرائیلی گوتی: "ئەگەری ئەوە زۆرە لە بەرەبەری ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئەمریکا پێکداهەڵپرژان لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕوو بدات".
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر لەبارەی جۆر و چۆنیەتیی ئەو ڕووداوانە نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش داوە کە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیدان و بە وردی چاوەدێریی ئەو ڕووداوانە دەکەن کە ئەگەری هەیە بەرانبەر بە ئێران ڕوو بدات".
ئەم گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوویان لە زیادبوون کردووە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆبایدن وەک سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، دیار نییە گرژییەکان کەم ببنەوە یان نا.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل دوێ دووشەممە بنی گانتێز لە کابینەی دەوڵەتی ئیسرائیلدا هۆشداریی داوە کە ئێران باس لە پیتاندنی یۆرانیۆمی ٢٠٪ دەکات و هەموو جیهان دەبێ گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران زیاتر بکەن.
دوێنی دووشەممە گوتەبێژی حکوومەتی ئێران بە فەرمی ڕای گەیاند کە سەرکۆمار بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای ستراتیژیی پەرلەمانی وڵاتەکەی داوە کە دەبێ بە ڕێژەی ٢٠٪ پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پێ دەکەن و ئامانجییان لەو کارەش گوشارە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا هەتا گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.
باسنیوز
