کۆبوونەوەی لوتکەی کەنداوی عەرەبی بە ئامادەبوونی میری قەتەر بەڕێوە دەچێت

کۆبوونەوەی لوتکەی کەنداوی عەرەبی بە ئامادەبوونی میری قەتەر بەڕێوە دەچێت
کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی عەرەبی بە ئامادەبوونی میری قەتەر، لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە بەڕێوە دەچێت.

بڕیارە کۆبوونەوەکە، کە کۆبوونەوەی لوتکەی ژمارە 41ـە، ئەمڕۆ سێشەممە 5-1-2021 لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوە بچێت.

لەو کۆبوونەویەدا، شا، میر و سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە تاوتوێی دەستکەوتەکانی ئەنجوومەن لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، دەکەن.

میدیا عومانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان بەشداریی لوتکەکە ناکات و لە بری ئەو، فەهد بن مەحمود ئال سەعیدی سەرۆک وەزیران، نوێنەرایەتیی سوڵتانی وڵات دەکات.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، میر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر دوای نزیکەی چوار ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، سەردانی سعودیە دەکات و بەشداریی لوتکەکە دەکات.

تا ئێستا دیار نییە کێ نوێنەرایەتیی ئیمارات لە کۆبوونەوەکە دەکات؟ چونکە باری تەندروستیی خەلیفە بن زایدی سەرۆکی ئیمارات تێکچووە.

پێشتر وەزیری دەرەوەی کوێت رایگەیاندبوو، کە قەتەر و سعودیە رێککەوتوون لەسەر دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانیان بەڕووی یەکتر.

ئەم کۆبوونەوەیە، هاوکاتە لەگەڵ 40ـەم ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە لە ساڵی 1981 بە دەستپێشخەریی کوێت، لە ئەبو زەبیی پایتەختی ئیمارات، دامەزرا.

ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی رێکخراوێکی هەرێمیی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنییە و هەر شەش وڵاتی سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، عومان، کوێت و قەتەر ئەندامن تێیدا.

رۆژی 5-6-2017، بەهۆی بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگیریکردنی رەوتی ئیخوان موسلیمین، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنن.








باسنيوز
Top