لە ئوسترالیا سزای نەبەستنی دەمامک 153 دۆلارە

لە ئوسترالیا سزای نەبەستنی دەمامک 153 دۆلارە
رۆژی دووشەممە 2021/01/04 لە هەندێک ناوچەی ئوسترالیا بەستنی دەمامک کرایە ناچاری و هەرکەسێک پابەندی ئەو بڕیارە نوێیە نەبێت بە 153 دۆلار سزا دەدرێت.

لە شارێکی وەکو سیدنی لەنێو مۆڵ و شوێنە گشتییەکانی وەکو ناو پاس و شەمەندەفەر و ژوور و هۆڵە داخراوەکان دەمامک کرایە ناچاری و پۆلیس بەرۆکی سەرپێچیکار دەگرێت و سزای ماددیی دەدات.

ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە لە 15ی کانوونی یەکەمی 2020ـەوە ئەمە یەکەم 24 کاژێرە شاری سیدنی لە ویلایەتی نیو ساوز وێلز هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنای تێدا تۆمارنەکرێت.

لە شاری مێلبۆرن، دووەم گەورەترین شاری ئوسترالیا، لە مانگی تەممووزەوە دەمامکبەستن کراوە بە ناچاری.

لە ماوەی 24 کاژێری رابردووشدا لە مێلبۆرن تەنیا سێ تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لە سەرتاسەری ئوسترالیادا 28 هەزار و 500 تووشبوو تۆمارکراون.

لە کۆی 25 ملیۆنی ژمارەی دانیشتووانی ئوسترالیا، تووشبوونی ئەو 28 هەزار کەسە بە کۆرۆنا بە چیرۆکێکی سەرکەوتووی وڵاتەکە لێکدەدرێتەوە کە بەهۆی تووندوتۆڵیی یاساوە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنادا خەڵک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان دەبن.
rudaw -
Top