وەزیری بەرگریی توركیا: نابێ هەر لە ئێستاوە شمشێرەكەمان لەدژی بایدن بخەینە کار

وەزیری بەرگریی توركیا: نابێ هەر لە ئێستاوە شمشێرەكەمان لەدژی بایدن بخەینە کار
خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا، دان بەوەدا دەنێت نێوانی توركیا و ئەمریكا وەكوو پێویست نییە، ئەویش بەهۆی كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لە ڕووسیا، بەڵام پێیوایە جارێ زووە توركیا شمشێرەكەی دژی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەربهێنێت.

ئاكار لە دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەفزیۆنی (CNN)ی توركی، باسی لە پەیوەندیی دیبلۆماسی و سەربازیی نێوان توركیا و ئەمریكا كرد.

ئەو لەبارەی ئەو ناكۆكییەی كەوتووەتە نێوان توركیا و ئەمریكاوە بەهۆی کڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لە ڕووسیا، دەڵێت پێویستە سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریكا جۆ بایدن هەڵوێستی هەبێت و پشتگیری لە توركیا بكات.

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت: "ئێمە و ئەمریكا ساڵانێكی زۆرە هاوپەیمانین، سەدان بابەتیش هەیە بەیەكەوە جێبەجێمان کردووە، بۆیە ناكرێت بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی S400 هەموو شتەكان وەلا بنرێت. ئێمە داوامان كرد فەتحوڵا گولەنمان رادەست بكەنەوە، ئایا كردتان؟ نەخێر، بۆیە كڕینی S400 یش لە رووسیا هەڵبژاردەی توركیا نەبوو، بەڵكوو ناچاری بوو بۆ پاراستنی ٨٣ ملیۆن هاووڵاتیی توركیا".

خلووسی ئاکار باسی لەوەش كرد: "لە ئێستاوە ناكرێت توركیا شمشێرەكەی لەدژی بایدن بەکار بێنێت، دەبێ چاوەڕێ بكەین بزانین پلانی چییە و چی پێیە بۆ توركیا".





باسنیوز
Top