دەزگای دادوەریی ئێران لە مەشهەد سێ بەندکراوی لە سێدارە دا
ماڵپەڕی (هرانا) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "حەمید ڕاست باڵا، سەعادەت جەهانی و محەمەدعەلی ئارایش" سێ بەندکراوی پێڕەوی مەزهەبی سوننە لە مەشهەد کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکانی "حزبی ئەلفەرقان و بەرەی هاوئاهەنگیی نەتەوەیی پێڕەوانی سوننە لە ئێران" حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لەسێدارە دراون.
ئەو سێ بەندکراوە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر و ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سیدارەیان بۆ بڕایەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە لەبارەی هەمان دۆسیەوە پێنج کەسی دیکەش بەناوکانی "فەرهاد شاکری، عیسا عەید محەمەدی، تاجمحەمەد خورماڵی، حەکیم عەزیم و گورگیج عەبدولڕەحمان گورگیج"یش بە هەمان تاوان حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی حوکمەکانیان هێشتا دیار نییە و مەترسیی سیدارەدانیان لەسەرە.
باسنيوز
