ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا: لەم کاتەدا مۆڵەت بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی بریتانیا نادرێت

 ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا: لەم کاتەدا مۆڵەت بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی بریتانیا نادرێت
ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا رایگەیاند، ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا کە کۆمپانیای ئاسترازینیکا بەهاوبەشی زانکۆی ئۆکسفۆرد بەرهەمیان هێناوە و رۆژی چوارشەممە بریتانیا مۆڵەتی بەکارهێنانی پێداوە، پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا مۆڵەتی پێبدرێت.

بەکارهێنانی ڤاکسینی ئاسترازینیکا پێویستی بەکاتی زیاتر هەیە


ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی 21ی ئەم مانگە مۆڵەت درا بەبەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر و بڕیارە 6ی مانگی داهاتوش بڕیار لەبارەی بەکارهێنانی ڤاکسینی مۆدێرنە بدرێت، بەڵام بابەتی بەکارهێنانی ڤاکسینی ئاسترازینیکا پێویستی بەکاتی زیاتر هەیە.

رێژەی کاریگەرییەکەی بەرزبوەوە بۆ لەسەدا 90

زانکۆی ئۆکسفۆرد بەرهەمهێنەری ڤاکسینی ئاسترازینیکا ئاماژەی بەوەکردوە، کاریگەریی ڤاکسینەکە بەڕێژەی لەسەدا 62 بوە، بەڵام کاتێک خەڵک نیو دۆزیان پێدرا سەرەتا و دواتر دۆزێکی تەواو، رێژەی کاریگەرییەکەی بەرزبوەوە بۆ لەسەدا 90، تائێستا پرسیار لەبارەی ئەو ئەنجامەوە دەکرێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە، لەگەڵ ئاسانی گواستنەوەی ڤاکسینەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لەهەمویان هەرزانترە، کۆمپانیاکە رایگەیاندوە تەنها نرخی یەک کوپ قاوە لەحکومەت دەسێنێت، دواتر زانرا کە نرخەکەی تەنها سێ پاوەندە، بۆ هەرکەسێک دۆز و نیوێک یان دو دۆز پێویستە.

کۆمپانیای ئاسترازینیکا رایگەیاندوە ئەو ڤاکسینەی بۆ قازانج نیە، لەبەرئەوە بۆ هەمو وڵاتانی دونیای دابیندەکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئابورییان.









خەندان
Top