كلیچدارئۆغلۆ بۆ ئەردۆغان: ناچاریت بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكەیت

كلیچدارئۆغلۆ بۆ ئەردۆغان: ناچاریت بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكەیت


كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ میدیاکانی توركیا، باسی لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە کرد.

كلیچدارئۆغلۆ ڕوو بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕای گەیاندووە: "تۆ دێیت وەكوو دەوڵەت ئیمزا لەسەر رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی دەكەیت، کەچی پاشان دەڵێیت بڕیارەكانی ناناسم. با پێتان بڵێم ئەمە باجەكەی بۆ گەلی توركیا زۆر قورس دەبێت".

كلیچدارئۆغلۆ پێی وایە ئەردۆغان بە ناچاری دەبێت بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات و، دەبێت دەمیرتاش ئازاد بكات.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دەبێتە كاندیدی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ركابەری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی؟ ئەو گوتی "ئەمە بە دەست من نییە، بەڵكوو هاوپەیمانی (میللەت) بڕیاری لەبارەوە دەدات".

بۆ دووەمین جار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپەی دەرکردووە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا سەرەڕای ئەوەی وەک سەرکۆمار ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای واژۆ کردووە، کەچی ڕای گەیاندووە کە ئێمە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ناناسین و خۆمان دادگامان هەیە و ڕێگرە لەبەردەم ئازادکردنی دەمیرتاشدا و ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە.










باسنيوز
Top