لە ئێران 70٪ی سزای لەسێدارەدان بە نهێنی جێبەجێ دەکرێت
لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە ساڵی 2020ـدا لە ئێران 253 کەیسی لەسێدارەدان جێبەجێ کراون کە لەوانە دوو مێرمنداڵی تاوانی کۆمەڵایەتی، 8 ژن و 6 بەندکراوی سیاسی هەبوون.
هەروەها ئاماری لەسێدارەدان لە 10 ساڵدا و لە ساڵی 2010ـەوە لە ئێران گەیشتووەتە 6 هەزار و 67 کەس کە لەوانە 62 کەسیان مێرمنداڵ بوون.
هەروەها هەواڵنێری هەرانا کە هەواڵنێرییەکی ئێرانە بۆ باسەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، دۆسییەی لەسێدارەدانی ساڵی 2020ـی ئێرانی بە 236 کەس راگەیاند و دەڵێت، 70٪ی سزای لەسێدارەدانەکانی ئێران بە نهێنی و بەبێ ئاگەدارکردنەوەی میدیایی جێبەجێ دەکرێن.
ئەو ناوەندە باس لە زۆرترین رێژەی لەسێدارەدان لە دوو پارێزگای ئەلبورز و خوراسانی باکوور دەکات و دەڵێت، 20٪ـی لەسێدارەدانەکان لە پارێزگای ئەلبورز و 12٪ـشی لە پارێزگای خوراسانی باکوور بوون.
بەپێی گوتەی ناوەندەکە، لەو لەسێدارەدراوانەی ناسنامەیان دەرکەوتووە، 205 کەسیان پیاو و 8 کەسیشیان ژنن.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئێران بە یەکێک لەو 3 وڵاتەی دنیا دەناسێنن کە زۆرترین رێژەی لەسێدارەدانی تێدا تۆمارکراوە.
rudaw -
