بایدن: ترەمپ زیانی زۆری بە دامودەزگاکانی ئەمریکا گەیاندووە
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دوێنی ڕای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ بووەتە بەربەست لە نێوان بەرپرسانی دەوڵەت و تیمی دانوستانکاری ئەو بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات، بەتایبەتی زیانی زۆری لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان داوە.
جۆ بایدن، دوێنێ دووشەممە ٢٨ی١٢ی٢٠٢٠ لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندووە ئێمە کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین بۆ دەستاودەسکردنی دەسەڵات، بەڵام لەلایەن وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) و دەزگای هەواڵگری و دەزگای چاودێریی بودجەوە پێشگیرییان لێ کراوە و بوونەتە بەربەست لەبەردەم کارەکاندا.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕاشی گەیاندووە: "ئێستا ئێمە ناتوانین هەموو ئەو زانیارییانەی کە بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی پێویستمانە، لە دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ بەدەستی بێنین".
جۆ بایدن ئاماژەی بەوەش داوە: "من دەمەوێ وێنایەکی ڕوون و ئاشکرا لەبارەی بارودۆخی دەوڵەت، هەروەها هێزە ئەمریکاییەکان لە سەرتاسەری دونیا بزانم، هاوکات تیمەکەم دەیهەوێ بە وردی ئاگاداری ئەو بەرنامە و پلانانە بێت کە ئێستا جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەت لەبارەی بودجەی وەزارەتی بەرگری و ئاژانسە هەواڵگرییەکانی دیکە، تاکوو هیچ پێشێوی و ئاڵۆزییەک لە داهاتوودا ڕووبەڕوومان نەبێتەوە".
بڕیارە جۆ بایدن ٢٠ی١ی٢٠٢١ بە فەرمی پۆستی سەرکۆماریی ئەمریکا بگرێتە دەست، بەڵام هەتا ئێستا دۆناڵد ترەمپ ئامادە نەبووە دان بە شکستی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا بنێت.
باسنيوز
