ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات کە "هێڵی سوور"ی کەنداو نەبەزێنێت
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دژی هەر "سەرکێشیەکی" سەربازیی ئەمریکی بەرگری لە خۆی دەکات.
هەڵوێستەکەی تاران هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە هێزی دەریایی ئەمریکا مانەوەی یەکێک لە ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی لە سنوورە ئاوییەکانی کەنداو راگەیاند.
هاوکات میدیای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ژێردەریاییەکی ئەو وڵاتە لە نۆکەندی سوێسەوە بەرەو کەنداو بەڕێکەوتووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل هەواڵەکەی نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە رەتیشی کردووەتەوە.
ئیسماعیل خەتیبزادە، رۆژی دووشەممە 2020/12/28 لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا گوتی: "هەموو کەسێک دەزانێت کە کەنداوی فارسی چ گرنگیەکی بۆ ئێران هەیە. هەموو کەسێک دەزانێت کە سیاسەتەکانی [تاران] لە بەرامبەر ئەمن و ئاساییشی نیشتمانی چین. هەموو کەسێک زۆر باش دەزانێت مەترسییەکە چەند گەورە دەبێت ئەگەر هێڵە سوورەکانی ئێران ببەزێنرێن."
تاران رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێت و بە جێبەجێکردنی هەندێک هێرش دژی ئامانجەکانی وڵاتەکەی تۆمەتباری دەکات، لە نێویشیاندا کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران لە مانگی رابردوو.
لای خۆشیەوە ئەمریکا ئێران بە تێوەگلان لە هێرشی مووشەکیی هەفتەی رابردوو بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا تۆمەتبار دەکات.
ئیسماعیل خەتیبزادە گوتی، "پەیاممان بۆ حکومەتی ئەمریکا و هاوڕێکانیشمان ناردووە کە رژێمی ئێستای ئەمریکا هیچ سەرکێشییەکی نوێ لە دوایین رۆژەکانی لە کۆشکی سپی نەکات."
هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێران نایەوێت گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادبکات و داوایکرد کە "خەڵکی ژیر لە واشنتن" لە هەمان ئاستدا بن تا ئەو کاتەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا شوێنی ترەمپ لە کۆشکی سپی دەگرێتەوە.
گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن کە ماوەی چەندین دەیە بوو بەردەوام بوو، لە ساڵی 2018 روویان لە هەڵچوون کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە ترەمپ تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە.
rudaw -
