یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ بەریتانیا پەسندکرد

یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ بەریتانیا پەسندکرد
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بە کۆی دەنگ رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ بەریتانیا بۆ قۆناخی دوای برێکزیتیان پەسندکرد و چوار رۆژی دیکە جێبەجێ دەکرێت.

ئەڵمانیا کە ئێستا سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپای بە دەستەوەیە، رایگەیاند کە بڕیارەکە لە کاتی کۆبوونەوەی باڵیۆزەکانی یەکێتییەکەدا دراوە.

رێککەوتەنەکە لە رۆژی 2021/01/01ـەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هەر پێویستی بەوەیە کە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاش پەسندبکرێت کە بڕیارە مانگی شوبات بۆ ئەو مەبەستە کۆببێتەوە.

بڕیارە پەرلەمانی بەریتانیاش رۆژی چوارشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2020 رێککەوتنەکە پەسند بکات.

بەپێی رێککەوتنێک، بەریتانیا لە 31ـی کانوونی دووەمی 2020 لە یەکێتیی ئەوروپا چووە دەرەوە و قۆناخی راگوزەر دەستیپێکرد.

راوەماسی ئەو پرسە بوو کە بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا دوای 10 مانگ یەکلاییان کردەوە.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، هەردوولا 11 مانگیان هەبووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، واتە تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم 2020 تاوەکو بەپێی ئەو رێککەوتنە لە قۆناخی دوای برێکزیت مامەڵە لەگەڵ یەکیدا بکەن.

بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی پێشووتر کراوە، دەبێت رێککەوتنی چوونەدەرەوەی یەکجاری تاوەکو کۆتایی 31ـی کانوونی یەکەم بکرێت، بەڵام بەپێی دواین لێدوانەکانی بەرپرسانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا، گەیشتن بە رێککەوتن لەو ماوەیەدا کارێکی ئاسان نییە.

23ـی حوزەیرانی 2016 بەریتانیا لە گشتپرسییەکدا دەنگی بۆ چوونەدەرەوە لە بەریتانیا دا و دەیڤد کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا دەستی لە کار کێشایەوە.

13ی تەممووزی 2016 تیرێزا مەی، بوو بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەڵام بەهۆی سەرکەوتوونەبوونی لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی برێکزیت و پەسەندکردنی ئەو رێککەوتنانەی کردبوونی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە 24ی حوزەیرانی 2019 دەستی لە کار کێشایەوە.

24ی تەمووزی 2020 بۆریس جۆنسن بوو بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و رایگەیاند لە کاتی خۆیدا بە رێککەوتن و بەبێ رێککەوتن لە یەکێتیی ئەوروپا دەچنە دەرەوە.

لە کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی بەریتانیا ئەو رێککەوتنەی پەسندکرد کە حکومەتەکەی جۆنسن لەبارەی برێکزیت لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا کردبووی. بەپێی رێککەوتنەکە برێکزیت لە کانوونی دووەمی 2021ـدا بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت.
rudaw -
Top