پاسداران: تۆڵەی خوێنی قاسم سولەیمانی بەڕێگاوەیە
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، هێشتا وڵاتەکەی تۆڵەی کوژرانی فەرماندەی سوپای قودسی نەکردووەتەوە، ”تۆڵە لەڕێگایە“.
عەمید محەمەد رەزا نەقدی، یاریدەدەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە رێوڕەسمێکی قوتابخانەی ”شەهید سولەیمانی“، رایگەیاندووە، هەموو ژیانی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودس جیهاد و تێکۆشان بووە و قوتابخانەکەی ئەو قوتابخانەی ”خۆشەویستیی شەهیدبوون“ و بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی بوو.
عەمید محەمەد رەزا نەقدی هەروەها رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی ناسنامەیەک بوو بۆ گەلی ئێران و ”پێویستە گەنجانی مسوڵمان ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربکەن و وێنەی سولەیمانی لە دیوارەکانی مزگەوتی ئەقسا لە قودس، بنەخشێنن“.
ئەو فەرماندەیەی پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێشتا وڵاتەکەی تۆڵەی خوێنی قاسم سولەیمانی نەکردووەتەوە، بەڵام ”تۆڵەی توند بەڕێگاوەیە“.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
باسنیوز
