ئێران زیاتر لە هەزار کان چالاک دەکاتەوە و هەلی کار بۆ سەدان هەزار کەس دەڕەخسێنێت
بابەک دینپەرەست، جێگری وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران دەڵێت "هەندێک کانمان هەیە هێشتا دەستیان بە بەرهەمهێنان نەکردووە، یان چالاکییان وەستاوە. هاوڕێیانمان باس لە ئاماری مۆڵەتدان بە 12 هەزار کان دەکەن و دەڵێن نزیکەی 30% بۆ 40%یان چالاکییان نییە. پێموابێت چوار هەزار و 200 کانێک دەبن کە هەلی کار بۆ زیاتر لە 800 هەزار کەس دروستدەکات. ئێمە دەمانەوێت هەزار و 20 کانیان چالاک بکەینەوە".
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران، ئەگەر کانەکان تاوەکو یەک مانگی دیکە دەست بە کار نەکەنەوە مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە و مۆڵەتی نوێی چالاککردنەوەی کانەکان، لە چەند پرۆژەی جیاوازدا و لەڕێگەی رۆژنامە ناوخۆییەکانەوە وەکو زیادکردنی ئاشکرا دەدرێتە کەسانی دیکە، بەڵام ئەو بڕیارە لەنێو پسپۆڕانی کانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
حوسێن حوسێنقولی، ئەندامی کۆمیسیۆنی کانەکانی ئێران دەڵێت "بەداخەوە ئەو بڕیارەی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، دەریخست کە هەڵسوکەوتی بەڕێزیان یان سیاسییە یان شارەزاییان لەو بوارەدا نییە. ئێستا 10 هەزار کان لە ئێران هەن کە نیوە زیاتریان وەستاون؛ دەبێت لێکۆڵینەوە لە وەستانی کانەکان بکرێت، نەک بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان بدرێت".
لە رۆژهەڵاتی کوردستان 1746 کانی مۆڵەتپێدراو هەن، سەرەڕای بەرهەمهێنان و دابینکردنی بەشێکی زۆری ماددەی خاوی ئێران، هەلی کاریشی بۆ زیاتر لە 16 هەزار کەس رەخساندووە؛ بەڵام ئێستا 719 کان چالاکییان نییە و دوای مایەپووچبوونی خاوەنەکانیان، لەلایەن بانکەوە و بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی هاوردە بۆ وەبەرهێنان، دەستیان بەسەردا گیراوە، یان ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵە لە چالاکی وەستاون.
پاسەوانی کانێکی داخراو لە خوڕەمئاوا باس لەوە دەکات کە کانەکەیان ماوەی سێ ساڵ زیاترە وەستاوە، داخراوە و ئیشی تێدا ناکرێت "80 کەس کاریان تێدا دەکرد. خاوەنەکەی نەیتوانی قەرزی بانک بداتەوە، بۆیە بانک دەستی بەسەردا گرت".
کانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 60 ملیۆن تۆن کانزا بەرهەمدەهێنن. گەورەترین کانی بیتۆمین یان قیری سرووشتیی رۆژهەڵاتی ناوین لە پارێزگای ئیلام، کرماشان و لۆڕستانە به 20% یەدەگی بیتۆمینی جیهانەوە، لەدوای کەنەدا و ئەمریکا، بە پلەی سێیەم دێن. هەروەها ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بەردی جوانکاریی بیناسازیش لە کانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەهێندرێن، کە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی حکومی لە کەرتی بەرهەمهێنانی بەرددا، بەشێوەی خاو دەفرۆشرێ بە پارێزگاکانی دیکە بۆ بەرهەمهێنان.
ئێستاش بڕیاری چالاککردنەوەی کانەکان کە بەجۆرێک بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیانە، نیگەرانیی خستووەتە دڵی خاوەنەکانیان و ئەو کرێکارانەش کە لەو کانانە بژێویی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن.
rudaw -
