تورکیا هەڕەشەی هەلگیرساندنی جەنگ دژی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکات
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، کە ئێستا بە سەردانێک لە لیبیایە، رایگەیاندووە، کێشەی سەرەکیی لیبیا بریتییە لە خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا و ئەوانەی پاڵپشتی دەکەن.
خوڵوسی ئاکار هەڕەشەی لە خەلیفە حەفتەر کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکەنە سەر هێزەکانی تورکیا، ئەوا حەفتەر و هێزەکانی ”دەکەینە ئامانج“.
لەکاتێکدا تورکیا بە ناردنی چەک و چەکدار پاڵپشتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، ئاکار رایگەیاندووە، زۆر گرنگە هەموو لایەک هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لیبیا بدەن و ”هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکیش لە کاروباری ناوخۆیی لیبیا، هەنگاوێکی هەڵەیە“.
تورکیا، کە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینەوە بەڕێوە دەبرێ، بە ناردنی چەک و چەکدار و هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە رەوتی ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنيوز
