حوسییەکان هەڕەشەی بۆردومانکردنی پێگە هەستیارەکانی ئیسرائیل دەکەن
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن هەڕەشەی بۆردومانکردنی پێگە هەستیارەکانی ئیسرائیل دەکات.
فەریق روکن جەلال روەیشان، جێگری سەرۆکی حکوومەتی حوسییەکان بۆ کاروباری ئاسایش و بەرگری، رایگەیاندووە، ماوەی شەش ساڵە رووبەڕووی هاوپەیمانیی عەرەبی دەبنەوە، کە سعودیە لە دژی حوسییەکان سەرۆکایەتی دەکات.
فەریق روکن جەلال روەیشان هەروەها رایگەیاندووە، ئیسرائیل پاڵپشتیی لۆجیستیی هاوپەیمانیی عەرەبی دەکات و ئێستاش هەوڵی دۆزینەوە بەهانە بۆ ئەو وڵاتانە دەدات، کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی گورز لە حوسییەکان بووەشێنێن.
ئەو فەرماندەیەی حوسییەکان هەڕەشەی بۆردومانکردنی ”پێگە هەستیارەکان“ی ئیسرائیلی کردووە، ئەگەر ئەو وڵاتە هەر ”گەمژەییەک“ دژی حوسییەکان بکات.
پێشتر هیدای زیلبەرمان، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، رەنگە ئێران لە عێراق یان یەمەنەوە هێرشی مووشەکی بکاتە سەر وڵاتەکەی.
حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنيوز
