ئەحمەد داودئۆغلۆ: چوار ساڵە ئاكەپە سووكایەتیم پێ دەكات
ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكی پارتی ئایندە و سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، دەڵێت چوار ساڵە ئاكەپە سووكایەتیم پێ دەكات و ئارامم گرتووە، بەڵام ئیدی وەڵامیان دەدەمەوە.
ئەحمەد داودئۆغڵو لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی تایبەتیی (یوتیوب)ی رۆژنامەنووس گۆكهان ئۆزبەك، بێمنەتیی خۆی لە ئاكەپە راگەیاندووە و دەڵێت ئەگەر هەر شتێكیان لەسەری هەیە با بڵاوی بكەنەوە.
ئەو دەڵێت: "ماوەی چوار ساڵە لەلایەن ئاکەپەوە زۆر بە توندی سووكایەتیم پێ دەكرێت و ئارامم گرتووە، با ئەوان هەرچی لە دەستیان دێت بیكەن و بێمنەتم لەوەی هەرچییان لەسەرم هەیە با بڵاوی بكەنەوە. دەبێت ئەوەش بزانین حكوومەتی ئاكەپە دادگای لە توركیا كوشت".
لەبارەی دۆسیەی (پەلیكان) كە ئەحمەد داودئۆغلۆ تۆمەتبار كراوە بەوەی هەوڵی كوودەتای داوە، ئەو دەڵێت بابەتی پەلیكان لە بابەتی داودئۆغلۆ دەرچووە و ئیدی بووەتە بابەتێكی سەر بە دەوڵەت، بەڵام سەریان لێ شێواوە و نازانن چۆن بەسەر منیدا بشكێننەوە.
باسنیوز
