تورکیا: بەهۆی کۆرۆناوە داواکاریی کارمەندانی تەندروستی بۆ دەستلەکارکێشانەوە پەسند ناکەین
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا کە بەسەر 81 پارێزگای ئەو وڵاتەدا گشتێندراوە، مۆڵەتی ساڵانەی هەموو کارمەندانی تەندروستی هەڵوەشێندراوەتەوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی تورکیادا هاتووە "لە قۆناخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا داواکاریی هیچ کارمەندێکی تەندروستی بۆ دەستلەکارکێشانەوە پەسند ناکرێت. هەروەها مۆڵەتی ساڵانەی هەموو کارمەندانی تەندروستی هەڵوەشاوەتەوە و پێویستە هەموویان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان".
لەگەڵ بەردەوامبوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا لەسەر تورکیا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی تەندروستی مۆڵەتی ساڵانەیان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، مۆڵەتی ساڵانە زیاتر لە وەرزی هاویندا وەردەگیرێت، رێژەی داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەش لە کەرتی حکومەتدا بەرزبووەتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، ژمارەی گیانلەدەستدانی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە نۆ هەزار و 950 کەس و ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراوی ڤایرۆسەکەش بۆ 366 هەزار و 208 کەس بەرزبووەتەوە.
rudaw -
