نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی کۆرۆناوە هەموو کۆبوونەوەکانی رادەگرێت
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هەموو کۆبوونەوەکانی لە نیویۆرک رادەگرێت.
بڕیاری راگرتنی کۆبوونەوەکان تەنیا بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەگرێتەوە و لەمڕۆ سێشەممە 27-10-2020ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، کە رۆژی دووشەممە (دوێنێ) ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای پێنج کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکی، پۆزەتیڤ دەرچوو.
ڤۆلکان بوزکیر، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکە بە نوێنەری هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیاندووە.
پێشتر لە مانگی ئاداری ئەمساڵ (2020)ـەوە نەتەوە یەکگرتووەکا بڕیاری دابوو، هەموو کارمەندەکانی لە ماڵەوە لەڕێی ئینتەرنێت، کارەکانیان راپەڕێنن، بەڵام دواتر لە مانگی 7ـەوە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ، ئەو بڕیارە هەڵوەشێندرایەوە.
باسنیوز
