ئەمریکا: ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەستێکی نوێ ڕێک کەوتن
واشنتۆن لەگەڵ فەڕەنسا و ڕووسیا ئەندامی گرووپی (مینسک)ن کە دامەزراوی ئەمنیەت و هاوکاریی ئەورووپا بەمەبەستی نێوبژیوانی نێوان وڵاتان دای مەزراندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاگربەستی ئەمجارەی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کاتژمێر ٨ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی١٠ی٢٠٢٠ بە کاتی قەرەباخ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
شەڕ لەسەر ناوچەی کێشە لەسەری ئاگۆرنۆ – قەرەباخ کە لە ڕێکەوتی٢٧ی٩ی٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە، ناوچەیەک کە کۆمەڵگەی جیهانی بە بەشێک لە خاکی ئازەربایجانی دەزانن، بەڵام سەربەخۆییخوازانی قەرەباخ کۆنترۆڵیان کردووە.
ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سەرەتای ئەم شەڕەوە لەو ناوچە کوێستانییە یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هاووڵاتیانی سڤیل دەکەن ئامانج، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە نێوبژیوانی ڕووسیا دوو جار لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست بەمەبەستی دانوستان، ڕێک کەوتوون، بەڵام هیچ لایەنێک پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوون و هەتا ئێستا لە هەردوولا زیاتر لە سێ هەزار قوربانی دراوە و بە هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.
باسنيوز
