حکومەتی ئێران سانسۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کردووە
حکومەتی ئێران سانسۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان لەو وڵاتە رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوونە.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، هاوکات لەگەڵ گەشەی ئینتەرنێت لە هەموو جیهاندا، بەشێکی زۆری خەڵکی ئێرانیش روویان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردووە، بە جۆرێک کە باس لەوە دەکرێت ئینتەرنێت لەلایەن زیاتر لە 80٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتەوە بەکاردەهێنرێت و خەڵکیش 57٪ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارە.
پۆلیسی ئینتەرنێتیی ئێران کە بە "فەتا" ناسراوە، هاوکات لەگەڵ گەشەی ئینتەرنێتدا دەستی بە کار کرد و وردەوردە چاودێریی هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتووەتە دەست.
داوود موعەزەمی، فەرماندەی پۆلیسی ئینتەرنێتیی تارانە و دەڵێت، "یەکێک لە هەنگاوەکانی پۆلیسی ئینتەرنێتی چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە هەموو بوارێکدا. هەندێک بابەت هەن لە دەرەوەی یاسادان و تاوانن. ئێمە رێگە نادەین تاوانکاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکییان هەبێت و هێزەکانی ئێمە شەو و رۆژ چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و رووبەڕوویان دەبنەوە."
ئەرکەکانی پۆلیسی ئینتەرنێتیی ئێران بەسەر 5 خاڵدا دابەشکراوە:
- رێگەگرتن لە سیخوڕی و خراپەکاری لە ئینتەرنێتدا، پاراستنی نهێنییەکان
- سوود و سامانە نیشتمانییەکان
- پاڵپشتی لە خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە تایبەت لە باسە کولتووری و ئابوورییەکاندا
- رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاوانە ئینتەرنێتییەکانی وەک دەستاودەستکردنی زانیارییە گرینگەکان
- دزیکردن لە هەژمارە بانکییەکان، قۆڵبڕی ئینتەرنێتی، هاککردن و هەروەها رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کڕین و فڕۆشتنی ئینتەرنێتیی قاچاخ، وەک کڕین و فڕۆشتنی چەک، دەرمان، مادەی هۆشبەر ... هتد.
فەتا سەرەڕای ئەو 5 ئەرکەی کە بۆی دیاریکراوە، لە چەند بواری دیکەشدا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتییانی داوە کە لەوانە رووبەڕووبوونەوەی سووکایەتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی خراپ بووەتەوە کە بە هەواڵی درۆ ناوی دەبەن. دوایەمین بڕیاریش بۆ چاودێریی زیاتری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناساندنی ئەو شۆفێرانەیە بە پۆلیسی هاتووچۆی ئێرانە کە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا فیلم یان وێنەی خۆیان و دیمەنەکانی دەوروبەریان دەگرن.
تەیموور حوسێنی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، "ئەوەی هەندێک کەس لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی خۆیان یان دیمەنەکانی سەر رێگەیان لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا بڵاو دەکەنەوە، بە سەرپێچیی هاتووچۆ هەژمار دەکرێت. ئەم سەرپێچییە وەک قسەکردن بە مۆبایل وایە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا و لەمەودوا 100 هەزار تمەن سزای دەبێت. لەنێو دەزگای پۆلیسی هاتووچۆدا ناوەندێکمان هەیە بە ناوی چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یەکێک لەو خاڵانەی کە لەوێوە کۆنترۆڵ دەکرێت ئەم رەوشتە خراپەیە."
ئەگەرچی ناساندن و سزادانی شۆفێرە سەرپێچیکارەکان بە جۆرێک پاڵپشتییە لە ئاسایشی کۆمەڵگە، بەڵام کاردانەوەی ئەو بڕیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باش نەبووە و هاووڵاتییان پێیان وایە ئەم بڕیارانە بە جۆرێک ئەو درووشمی ئەو هێزە بیری خەڵک دەهێنێتەوە کە دەڵێت: "پۆلیسی ئینتەرنێتیی ئێران ئاگاداری هەمووشتێکە."
rudaw -
