باڵیۆزی ئێران لە عێراق: زۆر خۆشحاڵ بوم بە سزاکەی ئەمریکا
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، "رژێمی تیرۆریستی ئەمریکا جارێکی دیکە منی لەگەڵ 80 ملیۆن ئێرانی گەمارۆ دابو، خەڵکی وڵاتەکەم و هەزاران منداڵ و نەخۆش لەکاتی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بۆ دەستخستنی دەرمان و خۆراک کێشەیان بۆ دروستبوە و خراونەتە ژێر گوشاری نامرۆڤانەوە".
بە بیستنی ئەو هەواڵە زۆر خۆشحاڵ بوم
لەبارەی بیستنی هەواڵی سەپاندنی گەمارۆ بەسەریدا، مەسجدی دەڵێت، "بە بیستنی ئەو هەواڵە زۆر خۆشحاڵ بوم".
ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بەشێوەیەكی خراپ سودیان لە عێراق وەرگرتوە
دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، "لەپێناو بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەكانیان لەسەر حسابی خەڵكی عێراق، چەندین ساڵە، ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بەشێوەیەكی خراپ سودیان لە عێراق وەرگرتوە، ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە، سەقامگیری ناوچەكەی تێكداوە و هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیەن خۆشگوزەرانی و ئاسایشی عێراقییەكان لاوازبكەن".
ئاماژەی بەوەشكردوە، بە مەبەسەتی پاراستنی عێراقییەكان لە "كارگەرییە خراپەكانی فەیلەقی قودس"، واشنتن بڕیاریدا بە سزادانی ئیرەج مەسجدی جەنەراڵی باڵای فەیلەقی قودس كە ئێستا باڵیۆزی ئێرانە لە عێراق.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتوە، مەسجدی چەندین ساڵە یارمەتیدەری ئاڕاستەكردنی كارەكانی فەیلەقی قودس بوە لە عێراق و لە یارمەتیدانی گروپە میلیشیاكان و كارئاسانی بۆ مامەڵەی گەورەی دارایی بەشداریكردوە، ئەوەش لە رێگەی سودوەرگرتن لەو پێگە دیپلۆماسیەی هەیەتی لە عێراق.
دوای ئەو بڕیارەش سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگهیاند، لەوەڵامی سەپاندنی سزاكان بەسەر پێنج دامەزراوەی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، تاران سزای بەسەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و دو بەرپرسی دیکەی ئەمریکادا سەپاندوە.
خەندان
