لە ئێران هەر 36 خولەکێک ژنێک تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت

لە ئێران هەر 36 خولەکێک ژنێک تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت


شێرپەنجەی مەمک، یەکەمین هۆکاری گیانلەدەستدانی تووشبووانی شێرپەنجەیە لەنێو ژناندا. بۆیە لە هەموو دنیادا مانگی ئۆکتۆبەر بۆ زانیاری بەخشین بە ژنان سەبارەت بەو نەخۆشییە، دیاریکراوە و لەم مانگەدا هەوڵی ئاگادارکردنەوەی ژنان دەدرێت لەسەر خۆپارێزی و ناسینی پێشوەختەی ئەو نەخۆشییە لە خۆیاندا.

دواهەمین ئاماری فەرمی لەسەر نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان لە ئێران کە نزیکەی پێنج ساڵ پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە، 108 هەزار و 798 کەیسی شێرپەنجە لەو وڵاتە تۆمارکراون و 32.9%ی ئەو ژنانە بوون کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون. لە ئێران لە ماوەی هەر 36 خولەکێکدا یەک ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت و رۆژانە 10 کەس لە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک، بەو نەخۆشییە گیان لەدەستدەدەن. ئەمەش بە واتای تووشبوونی ساڵانەی 14 هەزار و گیانلەدەستدانی ساڵانەی زیاتر لە سێ هەزار و 600 ژنە بەو نەخۆشییە.

بەپێی ئامارە خۆجێییەکانی بەشی تەندروستی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای سنە 40%، پارێزگای لوڕستان 29%، پارێزگای ئیلام 55% و پارێزگای کرماشانیش 22%ی کەیسەکانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی مەمکە لەنێو ژناندا.

پسپۆڕانی پزیشکی هۆکاری تووشبوونی ژنان بە شێرپەنجەی مەمک، لە گۆڕانکاری کەشوهەوا، دڵەڕاوکێ و گوشار و پێوەندیی ژنان لەگەڵ هۆرمۆنی سترۆژێندا دەزانن، کە ئەمەیان چەند هۆکاری جیاواز لەخۆدەگرێت.

شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا لە تەمەنی 25 ساڵەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ژنانی نزیک 60 ساڵیش دەگرێتەوە کە زۆرترین رێژەی لەنێو ژنانی تەمەن مامناوەندایە. گرنگترین خاڵی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە، ژنان پێشوەختە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانیان ببنەوە و چاودێریی خۆیان بکەن و بەبێ گوشار رێگەی چارەسەری نەخۆشییەکە و نەشتەرگەریی تایبەت بگرنەبەر.

دەرمانی نەخۆشییەکە ماوەی ساڵێک درێژەی دەبێت و بەهۆی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان لە دەورانی دەرماندا، گۆڕانکاریی زۆر لەسەر جەستەی تووشبووان دروستدەبێت.

پێشتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بە عەیبە زانینی ئەو نەخۆشییە، کەمتر هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەدرا و ئەمەش مەترسیی گیانلەدەستدانی تووشبووانی چەند هێندە زیاد دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی هۆشیاریی زیاتری ژنان، تاڕاددەیەک مەترسییەکانی نەخۆشییەکە کەم بووەتەوە.
rudaw -
Top