دوای سعوودیە.. ئەرمینیا خۆی ئامادە دەكات بەدەستی یەكێتی ئۆراسی لە ئابووری توركیا بدات

دوای سعوودیە.. ئەرمینیا خۆی ئامادە دەكات بەدەستی یەكێتی ئۆراسی لە ئابووری توركیا بدات
ئەنجوومەنی ئابووری ئۆراسی لێكۆڵینەوە دەكات لە پرسی دوورخستنەوەی ژمارەیەك وڵات، لەوانەش توركیا، لە لیستی ئەو وڵاتانەی سیستەمی ئاسانكاری گومركیان ھەیە لە یەكێتی ئابووری ئۆراسی.

نووسینگەی رۆژنامەوانی حكومەتی ئەرمینیا رایگەیاند، جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، میر گریگۆریان پێشنیازێكی لەم بارەوە پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی بخرێتە ناو كارنامەی كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەكە.

نووسینگەی رۆژنامەوانی گوتیشی: "بەپێی ماددەی 36 لە پەیماننامەی یەكێتی ئابووری ئۆراسی، دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتییەكەدا، ئاسانكاری دەكات لە بواری باجی گومركی بۆ ئەو كاڵایانەی لە وڵاتانی گەشەسەندوو و كەمتر گەشەكردوو بەرھەمھێنراون و ھاوردەكراون بۆ ناوچەی گومركی یەكێتییەكە".

رەزامەندیش دراوە لە سەر لیستی ئەو دەوڵەتانەی ئەو ئاسانكاریەیان بۆ دەكرێت بەپێی بڕیاری یەكێتی گومركی لە ساڵی 2009 و لیستەكە ئێستا 103 دەوڵەتی تێدایە.

یەكێتییەكە بە ئەندامییەتی ھەر یەك لە رووسیا، كازاخستان، بیلارووس، ئەرمینیا و قیرغستانە، "مۆلدۆڤا"ش وەك ئەندامی چاودێرە لەو یەكێتییەدا.

لە حاڵەتی جێبەجێكردنی پێشنیازی ئەرمینیا، لەوانەیە ئەمە دوای بایكۆتكردنی سعوودیە بۆ كاڵاكانی توركی، دووەم لێدان بێت لە كۆمپانیاكانی، بەتایبەتی ئەوانەی پشت بە ھەناردە دەبەستن.

پاش ئەوەی گرژی لە نێوان ریاز و ئەنقەرە روویدا، بانگەشەكانی بایكۆتكردنی بەرھەمەكانی توركی ھاتە ئاراوە و بازاڕگەكانی سعوودیە دەستیانكردووە بە لادانی ھەموو جۆرە بەرھەمێكی توركی لە سەر رەفەكانیان.
k24 -
Top