حەریری بۆ پێکهێنانی حکوومەتی لوبنان رادەسپێردرێتەوە
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەست لەکار کێشانەوەی حکوومت، کوتلە پەرلەمانییەکانی لوبنان ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2020 رێککەوتوون لەسەر راسپاردنەوەی سەعد حەریری، سەرۆکی رەوتی موستەقبەل بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە کۆی 118 ئەندامی پەرلەمانی لوبنان، 64 ئەندام دەنگیان بە دووبارە راسپاردنەوەی سەعد حەریری دا و 54 ئەندامیش دەنگیان نەدا.
سەعد حەریری (لەدایکبووی 1970)، کوڕی رەفیق حەریری سەرکردەی دیاری لوبنانە و دایکی عێراقییە. حەریریی کوڕ، کە لە سعودیە لەدایک بووە، یەکێکە لە سیاسەتمەدار و سەرمایەدارەکانی لوبنان و خاوەن رەگەزنامەی لوبنانی و سعودیە.
سەعد حەریری، کە دوای تیرۆرکردنی باوکی لە 2005ـەوە بووەتە میراتگری سیاسیی باوکی و سەرکردەی دیاری سوننەمەزهەبەکانی لوبنان، دوو جار لە (2009-2011 و 2016-2019)، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بووە.
دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە مانگی 10ـی 2019، پەرلەمانی لوبنان لە مانگی 12ـی 2019 متمانەی بە حکوومەتی نوێی لوبنانی بە سەرۆکایەتیی حەسەن دیاب بەخشی و ئەو حکوومەتەش، دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، خۆی هەڵوەشاندەوە.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، رۆژی 31-8-2020 مستەفا ئەدیب بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرا.
رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 200 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوز
